ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا دووپات دەکاتەوە

ڕۆژی هەینی، 12-07-2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پنتاگۆن لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ بەردەوامیی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا دووپات کردەوە.
بە دڵنیاییەوە ئەو لێدوانە لە هەولێر پێشوازیی لێ دەکرێت. سەرۆکی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم دواییانەدا سەردانی بەغدای کرد. بارزانی لەو ماوەیەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق کردەوە.
لەڕاستیدا خاڵێکی هاوشێوەی ئەو خاڵەی کە سابرینا سینگ، دەری خستووە، ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، خرایەڕوو.
هاوکات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ڕۆژی هەینی، فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی سێ ڕۆژەی ناتۆ کە تێیدا نوێنەرایەتیی عێراقی دەکرد، بە هەمان شێوە ئەم خاڵەی دووپات کردەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی نوێی عێراق هەوڵدەدات دۆخی خۆی ئاسایی بکاتەوە، یان لانیکەم ئەو وێنەیە بخاتەڕوو کە دۆخی عێراق بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات. بەم شێوەیەش، حکوومەتی عێراق دەیەوێ بڵێت کە کۆنترۆڵی ولاتی کردووە و شەڕ لەگەڵ داعش کۆتایی هاتووە.
ئەو جۆرە هەولانەی عێراق بۆ پیشاندانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ڕەوشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی عێراق زیاتر دەکرێت لە سیاسەتەکەی بەرامبەر بەو عێراقیانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون بدۆزرێتەوە. زۆرینەی ئەم ئاوارانە بە شێوەی خۆنەویستانە و بە زۆر ناچار دەکرێن کە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان بگەرێنەوە.
ئەوەش سەبارەت بە هێزەکانی دژە داعش لەو وڵاتەشدا ڕاستە. بەغدا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکات سەبارەت بە جێهێشتنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
بەڵام ئەمریکا پلانی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە، هەروەها لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش ئەو پرسە تاوتوێ ناکات. بەڵکو گفتوگۆکان سەبارەت بە گواستنەوەیە لە سیستەمێکی فرەلایەنەی هێزەکانی هاوپەیمانییەوە بۆ سیستەمێک کە تێیدا بوونی ئەو هێزانە لە عێراق بە ڕێککەوتنی دوولایەنە دیاری دەکرێت.
بەڵام کوالیتی خراپی بەشێک لە ڕۆژنامەگەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش هەندێک ڕاپۆرتی کوردی، ئەوەندەی تر وا دەکات کە ئەم پرسە بە هەڵە بگوازرێتەوە و وا نیشان بدرێت کە گوایە گفتوگۆیەک هەیە لەسەر ڕۆیشتنی ئەو هێزە بیانیانە لە عێراق.
ئەو سێ ڕووداوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا و لە خوارەوە بە وردی باس دەکرێن، پێویستە ئەوە ڕوون بکەنەوە کە نە واشنتۆن و نە بەغدا بەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا نین.
بەڕاستی وەک مەسعوود بارزانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا وتی، ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە بۆ کورد و پێویستە هەندێک دڵنیایی لە ڕوونکردنەوەکانی وەربگرن.
کۆنفڕانسی پنتاگۆن- هەینی
داعش-K کورتکراوەی داعش-خۆراسانە، کە ناوێکی کۆنە بۆ ناوچەیەک کە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و بەشێک لە ئەفغانستان و بەشێک لە باشووری ئاسیای ناوەڕاست دەگرێتەوە. "خۆراسان" وشەیەکە بە ڕەچەڵەک فارسی، بە واتای “خۆر لە کوێوە دێت”، یان ڕۆژهەڵات.
داعش ئەو جۆرە ناوانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی ئەو بڕوایەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر لە قەوارەکانی دیکە "ئیسلامییە". بەڵام خوراسان تەنیا ناوێکی کۆنە و هیچ واتایەکی ئایینی نییە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی هەینیدا، ڕۆژنامەنووسێک ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە ئەفغانستان، کە سەرەتای هەفتەکە بڵاوکرایەوە، کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە قاعیدە و داعش-K ئامادەیی خۆیان لەو وڵاتەدا فراوانتر دەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمە جێگەی نیگەرانییە بۆ پنتاگۆن، سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پنتاگۆن، دووپاتی کردەوە کە ئەمە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە بۆ ئەمەریکا و هاوکات نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە داعش تەنیا لە چوارچێوەی ئەفغانستان نییە و بۆ ئەو دیوی ئەفغانستان درێژ دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "کاتێک باس لە داعش-ک دەکرێت، و بڵاوبوونەوەی داعش نەک تەنها لە ئەفغانستان بەڵکو لە سەرانسەری ئەفریقا، ئەوا ئەمە لە سەرووی نیگەرانییەکانی ئەمەریکادایە هەمبەر بە بڵاوبوونەوەی هزری و ڕێکخستنەکانی داعش".
لێرەوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی " ئێوە ئاگاداری ئەرکی ئێمەن لە عێراق و سوریا کە بۆ بەردەوامبوونە لەو شەڕەی کە لە دژی داعشە". کەواتە "جا چێ لە ئەفریکۆم (فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفریقا - AFRICOM) بێت یان سەنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاCENTCOM - )، ئەمە شتێکە کە ئێمە زۆر بە جیددی وەریدەگرین."
کۆنفرانسی فوئاد حسێن- هەینی
فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتی عێراقی کرد لە کۆبوونەوەیەکی سێ ڕۆژی ناتۆ کە لە ڕۆژانی ٩-١١ی تەمموز لە واشنتۆن لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا بەڕێوەچوو.
دوابەدوای کۆبوونەوەی لوتکەکە، ڕۆژی هەینی، فوئاد حوسێن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن ساز کرد. لەو کۆنگرەیەدا باسی لە پەیوەندییە سەربازییە بەردەوامەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد، لەنێویشیاندا ئەمەریکا.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق هەیە، کە ڕۆڵی مەشق و ڕاوێژکارییە. نوێنەرایەتی ناتۆ لە ساڵی 2018 بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی بەرگری عێراق و نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ناوەندیی ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەکانی سەرۆکوەزیران دامەزراوە.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2023دا ڕۆڵی ناتۆ لەلایەن حکومەتی ئێستای عێراقەوە فراوانتر کرا بۆ ئەوەی پشتگیریی هاوشێوەی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی لەخۆبگرێت.
جگە لەوەش حوسێن، لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا کۆبووەوە. ئەوەش لەبەرئەوەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نزیکانە سەردانی ئیسپانیا دەکات.
پەیوەندییەکانی سوودانی لەگەڵ ڕۆژئاوا تاڕادەیەک سنووردار بووە و ئێستا لە هەولی ئەوەدایە کە پەیوەندییەکانی لەگەل ڕۆژئاوا فراوانتر بکات. لە چوارچێوەی ئەم هەولانەش، لە مانگی نیسانی ئەم شال، یەکەم گەشتی بۆ واشنتۆن دی سی ئەنجامدا.
سەردانەکەی داهاتووی سوودانی بۆ ئیسپانیا، یەکەم گەشتی دەبێت بۆ وڵاتێکی ئەورووپایی، یان لانیکەم یەکەم گەشتی لەو جۆرە دەبێت وەک بەرپرسێکی باڵای عێراق.
فوئاد حسێن هەروەها ئاشکرای کرد کە بەم نزیکانە شاندێکی باڵای سەربازی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات.
بەم شێوەیە، هیچ پاڵنەرێک لەلایەن لایەنی عێراقییەوە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، بەڵکو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە تەنیا بنەماکانیی هاوکارییەکان لە فرەلایەنەوە بۆ دوولایەنە بگۆردرێن.
کۆبوونەوەی فەرمی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی- پێنجشەممە
دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار سەردانی بەغدای کردبوو، لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی خوێندنەوەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی کە بە ئامادەبوونی ئالینا ڕۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مەیجر جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی هاوپەیمانی دژە داعش بەرێوەچوو، شاپیرۆ، دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا، و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی فراوانتر، "بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتی دژی تیرۆریستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)".
هەروەک لە کرۆکی ئەم کۆبوونەوەیە و لێدوانەکانی سابرینا سینگ، لە ڕۆژی هەینی دەردەکەوێت، هیچ پاڵنەرێک لەلایەن لایەنی ئەمریکاوە نییە بۆ ئەوەی عێراق بەجێ بهێڵێت.
وەرگێڕان: د. کامەران عەزیز - کوردستان24