تەرمی 107 قوربانیی دەستی داعش لە بیری عەلۆ عەنتەر دۆزرانەوە

بەڕێوەبەری پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بەغدا ڕایگەیاند: تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیری عەلۆ عەنتەر لە قەزای تەلەعفەر، تەرمی 107 قوربانی دەستی داعشیان دۆزیەوە کە بنخۆڵ کرابوون.
ریاز کەریم، بەڕێوەبەری پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕایگەیاند: تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، 107 تەرمیان دۆزیەوە کە 32 لە تەرمەکان تەواو شی بوونەتەوە، لەگەڵ چەند بەڵگەنامەیەکی قوربانییەکان لەگەڵ تەرمەکان دۆزراونەتەوە.
بیری عەلۆ عەنتەر دەکەوێتە سنووری قەزای تەلەعفەر، یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پێشبینی دەکرێت هەزار قوربانی دەستی داعشی تێدا بێت، لەوانەی ئێزدیدین و خەڵکی شنگالن، لەگەڵ ئەوانەی خەڵکی تەلەعفەرن.
پێشتر، دانا ئەمین مەنسوور، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 215 ناوچە لە عێراق هەیە کە ڕەنگە لەناوچەیەک چەند گۆڕێک هەبێت، بۆ نموونە بیابانی سەماوە یەک ناوچەیە چەندین گۆڕ هەڵدراوەتەوە کە دەکرێت هەر گۆڕێکیان زیاتر لە سەد ڕووفاتی تێدا بێت.
دانا ئەمین باسی لەوەش کرد، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەپێی یاسایی ژمارە 8ـی ساڵی 2006 ماددەی دووەم بڕگەی دەیەم، دۆزینەوە و گەڕان بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان هێنانەوە بۆ زێدی خۆیان و بەخاک سپاردنیان، ئەرکی وەزارەتی شەهیدانە. پرۆسەکە بۆ ئێمە تاڕادەیەک سستە، بەڵام ئەو پرۆسەیە بۆ بەغدا بەردەوامە.
گوتیشی: لە بەغدا یاسایی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقی ئازاد کردووە تاوەکو کاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە وەزارەتی شەهیدان، ماددەی شەشی یاساکە لیژنەیەکی نۆ لایەنی پێک هێناوە، کە وەزارەتی شەهیدان تێیدا ئەندامە، هەروەها ئەنجوومەنی دادوەری و ئەو پارێزگایەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی تێدایە لەگەڵ پۆلیس تێیدا ئەندامە، ئەو لێژنەیە بڕیار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەدات، لە بڕگەی سێیەمی ماددەکە ئەرکی لێژنەکەی دیاری کردووە، لەبەر ئەوەی گۆڕەکان کەوتووەتە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان جەختیشی کردەوە، هەماهەنگی و پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە، بەڵام گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق تەنها کوردی تێدا نییە، بەڵکو عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدایە، هەروەها بەغدا پلانی ساڵانەی هەیە بۆیە هەندێک جار پرسی ئەو گۆڕانەی کوردی تێدایە دوادەکەوێت.