سووریا: هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ تورکیا دەبێت لەسەر بنەمایەکی ڕوون بێت

K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ڕایگەیاند: دەبێت پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا بۆ پێش قۆناغی ساڵی 2011 بگەڕێتەوە و هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ تورکیا دەبێت لەسەر بنەمایەکی ڕوون بێت.
شەممە (13ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: دەبێت هێزە نایاساییەکان لە سووریا بکشێنەوە و بەرژەوەندیی نێوان وڵاتان لەسەر پەیوەندییەکی دروست بنیات دەنرێت نەک لەسەر ململانێ یان دوژمنایەتی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا: دەبێت پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا بۆ پێش قۆناغی ساڵی 2011 بگەڕێتەوە. هاوکات دەڵێت: هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ تورکیا دەبێت لەسەر بنەمایەکی ڕوون بێت.
وهزارهتی دەرەوەی سووریا ئەوەشی ڕوون کردەوە: سووریا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە دەردەبڕێت که هه وڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەمەریکا، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیدارەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ڕایگەیاند، ئەرکی ڕێکخستنی دیدارەکەیان لەگەڵ بەشار ئەسەد بە هاکان فیدان و هاوتاکەی سپێردراوە هەردوولا نەخشەڕێگەی دیدارەکە ڕێکدەخەن.
ڕاشیگەیاند، ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە سووریا شتێکی مەحاڵ نییە و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی تورکیایە. هاوکات گوتیشی: تا ئێستە هەنگاوەکانیان لەگەڵ سووریا ئەنجامی ئەرێنی هەیە و هیوادارە هەنگاوی کردەیی بگرنەبەر.