لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس نزیکەی 400 کەس بوونە قوربانی
K24 – هەولێر:
تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئەلمەواسی لە خان یونس 90 کەس کوژران و 300 دیکەش بریندار بوون.
شەممە (13ـی تەمموزی 2024) تەندروستی غەززە بڵاوی کردەوە: ئیسرائیل کەمپی ئەلمەواسی لە خان یونس بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە 90 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش بوونە قوربانی. ئەمە جگە لەوەی لە هێرشێکی دیکە 20 کەس لە کاتی نوێژکردن لە کەمپی شاتی لەلایەن ئیسرائیل کوژران.
باس لەوەش کرا، زۆری ژمارەی قوربانییان وایکردووە لە ڕێگەی ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی کەس و تەنانەت کەر و عارەبانەش بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
لەبارەی هێرشەکەیەوە، هاووڵاتییەکی فەڵەستینی گوتی: "ئیسرائیل ئەم ناوچەیەی زۆر بە سەختی لە ڕێگەی حەوت بۆ هەشت مووشەک بۆردوومان کرد. هاتین بۆ ئەوەی هاوکاری پێشکەش بکەین، کەچی بینیمان خەڵک بە ئاسماندا دەفڕن، بەرگریی شارستانی هات بۆ ئەوەی هاوکاری خەڵکەکە بکات، کەچی ئەوانیش کرانە ئامانج."
ئیسرائیل دوای هێرشەکە هەر زوو ڕایگەیاند سەرکردەیەکی حەماسیان کردووەتە ئامانج، بەڵام دواتر سەرۆکوەزیرانەکەیان گوتی: "دڵنیانین ئەو سەرکردەیەی حەماسیان کوشتووە یاخود نا".
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.