قەرەهەنجیر؛ لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ئاسایشێک شەهید کرا

بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شارەدێی قەرەهەنجیر دوو چەکداری داعش دزەیان کردبووە نێو شارەدێکە و لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بووە.

ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، دوو چەکداری داعش بە ماتۆڕسایلێکەوە بە نیازبوون بچنە نێو قوتابخانەیەک، بەڵام هێزەکانی  ئاسایش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و توانیویانە یەکێک لە چەکدارەکان بکوژن و چەکدارەکەی دیکەش بە برینداری دەستگیر بکەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بووە و یەکێكی دیکەش بریندارە.

هەر لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە، لە شارەدێی  قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و  بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیر کراوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، هەردوو چەکدارەکەی داعش بە مەرامی کردەوەی تیرۆریستی هاتبوونە ناوچەکە؛ پێشتریش لە کردەیەکی تیرۆریستیدا کارمەندێکی پۆلیسیان لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک شەهید کردووە. لە کردەوەیەکی دیکەش لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کاتی دانانی بۆمبی چێنراو ڕووبەڕوبونەوە ڕوویدا و کارمەندێکی پۆلیس شەهید بوو و هەرروەها لە کردەوەی سێهەمیاندا دوو کارمەندی دیکەی پۆلیسی کەرکووکیان لە ناو بازاڕی شارەکە شەهید کردووە.

هەروەها لە کردەوەی چوارەمدا لە بەردەم نەخۆشخانەی جمهووری ئەفسەرێکی پۆلیسیان شەهید کردووەو دەستیان لە چەندین کردەوەی دیکەی تیرۆریستی هەبووە.