ئۆکرانیا دەیەوێت زیندانییە ئافرەتەکان لەگەڵ ڕووسیا ئاڵوگۆڕ بکات

دیمیتری لۆبینێتس، کۆمیساری مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "بە هاوکاری ئیمارات، ئۆکرانیا بەنیازە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی زیندانییە ئافرەتەکان لەگەڵ ڕووسیا بکات".

لۆبینێتس باسی لەوەش کرد، لە چاوپێکەوتنێکدا کە  novoeizdanie ڕایگەیاند، دەتوانین ئەمە بە ئاشکرا بڵێین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی یارمەتیمان دەدات.

ڤلادیمێر پوتین، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەزار و 348 سەرباز و ئەفسەری هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستبەسەر کراون، هەروەها شەش هەزار و 465 سەربازی ئۆکراینی لە لای ڕووسیا دەستبەسەر کراون.

ئیمارات، پێشتر ڕۆڵی ناوبژیوانی لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بینیوە. ئەمەش لە ڕێگەی نێوەندگیریی میرنشینییەوە، لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا، لایەنی ڕووسی 75 سەربازیان وەرگرتەوە و هەمان ژمارەشیان ڕادەستی کیێڤ کردەوە.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، بە دەیان هەزار کەس کوژران و برینداربوون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون و تاوەکو ئیستەش شەڕ بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە.

Fly Erbil Advertisment