مەسعود پزیشکیان: باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێشینەی کارەکانمانە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران دەڵێت "باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا لە پیشینەی کارەکانمانە، هاوکات ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی بە هۆکاری لاوازبوونی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 زانی".
پزیشکیان، دوای هەفتەیەک لە بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریی ئیسلامیی ئێران، لە وتارێکدا بەناونیشانی "پەیامم بۆ جیهانی نوێ"، کە لە ڕۆژنامەی حکوومەتی "تاران تایمز" بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، سیاسەتە گشتییەکانی حکوومەتەکەی و هێڵی سیاسەتی دەرەوەی ڕوون کردەوە، ئاماژەی بەوەکرد "بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان لە پێشینەی کارەکان دەبێت"، داوای لە تورکیا، سعوودیە، سەڵتەنەتی عومان، عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوەیت و ئیمارات کرد کە پەیوەندییە بازرگانییەکان قووڵتر بکەنەوە، هەروەها چارەی ئاستەنگە هاوبەشەکانلە ناوچەکەدا بکەن .
پزیشکیان ڕاشیگەیاند، "پێویستە واشنتۆن دان بە ڕاستیەدا بنێت و تێبگات، یەکجار و بۆ هەمیشە، ئێران وەڵامی فشارەکان ناداتەوە".
سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەشڵێت: دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتانی ئەورووپا پابەندبوون بە هەوڵی ڕزگارکردنی ڕێککەوتنەکە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمەریکا، بەڵام دواتر لەو بەڵێنانە پاشگەزبوونەوە.
پزیشکیان ڕوونیشی کردەوە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا بچمە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرەوە، بە ئامانجی خستنەڕووی پەیوەندییەکان لەسەر ڕێگای ڕاست، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانی.