بەشێکی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەنداوی بۆکان خۆیان فێنک دەکەنەوە

شەپۆلێکی گەرما سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و هەزاران هاووڵاتی بۆ ڕزگار بوون لەم گەرما تاقەت پڕوکێنە خۆ فێنک کردنەوە دەچنە بەنداوەکان.
ساڵانە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، دانیشتووانی شارەکانی بۆکان، سەقز، ساینقەڵا و چەند شارێکی بۆ مەلە و خۆ فێنک کردنەوە لە بەنداوی بۆکان کۆ دەبنەوە.
هەزاران هاووڵاتی لە چەند شارێکی هەر دوو پارێزگای سنە و ورمێوەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەم هەفتەیەدا سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە لە بەنداوی بۆکان کۆبوونەتەوە و مەلە دەکەن.
لە هەموو ناوچەکاندا پلەکانی گەرمای 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە و لە زۆر ناوچەش لە 50 پلە نزیک بووەتەوە.
حەسەن حسێنی کە دانیشتووی بۆکانە یەكێکە لەو هاووڵاتییانەی بۆ خۆ فێنکردنەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش چووەتە بەنداوی شارەکە دەڵێ "بەنداوەکە، لە ڕۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە نێوان بۆکان و سەقز، هەرچەندە ناوچەکە شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵام خەڵکێکی زۆر بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و مەلەکردن بۆی دێن".
بەنداوی بۆکان، لەسەر ڕووباری جەغەتوو هەڵبەستراوە کە ئاوەکەی لە چیاکانی چلچەمەی پارێزگای سنەوە سەرچاوە دەگرێ و لەم هاوینەشدا ئاوێکی زۆر ساردی هەیە.
هەموو ئەوانەی دێنە ئەم بەنداوە، بە ئافرەت و پیاو و پیر و لاوەوە بە مەلەکردن لە ناو ئەم ئاوە ساردەدا خۆیان فێنک دەکەنەوە. بەم حاڵەش تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەک لەم شوێنە بۆ ئەو هەزاران گەشتیارەی ڕووی تێ دەکەن، دابین نەکراوە.
سامان نەجەفی، کە هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بۆکانە دەڵێ "دەکرێ ئەم شوێنە بایەخێکی باشتری پێ بدرێت و لە ڕووی گەشتیارییەوە بکرێتە سەرچاوەیەکی کار و داهات بۆ شاری بۆکان، بە فەراهەمکردنی ئامراز و پێویستییەکان بەنداوەکە بکرێتە شوێنێکی باشی گەشتیاریی و سەرگەرمیی بۆ هاووڵاتییان".
بەنداوی بۆکان، یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کورستانە و ئاوی خواردنەوەی چەند شاری گەورە و ئاوی کشتوکاڵ بۆ دەیان هەزار هێکتار زەویی بەراو دابین دەکات. جیا لەمەش شوێنێکی سەرەکیی سەیرانی هاوینەی هەزاران هاووڵاتیی شارەکانی بۆکان، سەقز، ساینقەڵا و چەند شاری دیکەیە.