حەسەن شێخانی: پێکهاتەی عەرەب دەیەوێت گۆڕان لە کەرکووک نەکرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە

حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کەرکووک
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کەرکووک

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کەرکووک ڕایگەیاند، پێکهاتەی عەرەب پێی خۆشبوو دۆخی کەرکووک هەروا بمێنێتەوە و گۆڕانی تێدا نەکرێت، چونکە دەسەڵات لای خۆیان بوو.

یەکشەممە، 14ـی تەمموزی 2024، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ساڵی 2008 دەرچووە، ئەو یاسایە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق یەک یاسا بوو، بەڵام یاسایەکی تایبەتییان  بۆ کەرکووک دەرکرد، لەبەر ئەو حاڵەتە تایبەتەی هەیەتی. ئەو یاسایە خۆی ستەمێکی گەورە بوو لە کەرکووکییەکان کرا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەڵام دوو پێکهاتەکەی دیکە مەرجی ئەوەی هەبوو دوو یاسای تایبەتی هەبێت، کۆمەڵێک ماددەیان  لە پەرلەمانی عێراق دەرکرد، ئەو ماددانە بۆ خۆیان بەربەستن.

ئەو ئەندامە دەڵێت "لە هەموو جیهاندا یاسا بۆ ئەوە دادەڕێژرێت و پەسەند دەکرێت، کە کێشەکان کەمتر بکاتەوە و چارە بێت، بەڵام لێرە پێچەوانە بۆتەوە کێشەکان زیاتر بوون و هەر بۆیە دوو پێکهاتەکە لە بەغداش شەڕی ئیرادەیان لەگەڵ کوردی کەرکووکدا دەکرد".

ئەو ئەندامە دەشڵێت: "ئێمە هەر چۆنێک بێت حەزمان کرد هەڵبژاردن لە کەرکووکدا بکرێت، چونکە هیچ مانایەکی نییە لە ساڵی  2005وە تاکو ساڵی 2023 کە دەکاتە نزیکەی 18 ساڵ هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگاکان بکرێت و لە کەرکووک نەکرێت. هەرچەندە ئەو دۆخەی لە دوای دەرهاویشتەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دروست بوو، پێکهاتەکانی دیکە بە تایبەت پێکهاتەی عەرەب پێی خۆشبوو  دۆخی کەرکووک وا بمێنێتەوە، چونکە دەسەڵات لای خۆیان بوو ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەموو عێراقدا هەڵوەشێنرابۆوە، هیچ دەسەڵاتێکی یاسادانان و چاودێری لە کەرکووکدا نەما بوو."

حەسەن شێخانی، ڕاشیگەیاند، "حەوت ساڵ دۆخی کەرکووک هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات، پێکهاتەی عەرەبیش دەیانویست ئەم دۆخە وابمێنێتەوە بەربەستی گەورە خودی یاساکە بوو، کورد پێی باش بوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئومێدک هەبوو کەوا گۆڕان لە ئیدارەی کەرکووکدا بکرێت ئیستەش هەروایە گۆڕانەکە دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment