بۆشایی ئەمنی هۆی دزەکردنی چەکدارانی داعشە

دیمەنێکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە - ئەرشیف
دیمەنێکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە - ئەرشیف

بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر دەڵێ: ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بووەتە هۆی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ شاری کەرکووک و دەوروبەری.

ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتیشی: ئەو دوو لیوا هاوبەشەی پێکهێنراون و تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە کارا بکرێن، بەشێکە لە کێشەی بۆشاییە ئەمنییەکان و دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ نێو شاری کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری.

ئاماژەشی دا، ئەو دوو چەکدارەی داعش بە گوێرەی ئەو تەقەمەنیی و خۆ ئامادەکردنەی کردبوویان بە نیازبوون لە نێو قەرەهەنجیر چەند کردەیەکی تیرۆریستی بکەن.

ئاڤێستا شێخ محەممەد دەڵێ: ئەمە یەکەمین حاڵەتی دزەکردنی چەکدارانی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێو شارەدێکە ڕوو بدات، چونکە لە کاتی گەرمەی شەڕی داعش، قەرەهەنجیر ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک بووە.

ڕاشیگەیاند، تۆماری کامێراکانی چاودێری کۆکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو دوو چەکدارەی داعش لە کوێوە هاتوون و بە نیازبوون چەند کردەی تیرۆریستی بکەن.

هەر لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەکەی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو چەکداری داعش، شایەتحاڵێک بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو دوو چەکدارەی داعش پێشتریش بە ماتۆرەکەیانەوە لە سنوورەکە بە چەند جلیکانێک بەنزینیان بردووە، ئەمەش بووەتە جێگەی گومان و چاودێریکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، ئەمڕۆکەش کاتێک مەفرەزەیەکی ئاسایشی ویستوویەتی پرسیاریان لێ بکات، ڕووبەڕووبوونەوە دروستبووە و چەکدارکان دەستڕێژیان لە مەفرەزەکەی ئاسایش کردووە و بەهۆیەوە مفەوەزێکی ئاسایش بەناوی عەزیز ڕەشید شەهید و ئەندامێکی دیکەی ئاسایش برینداربووە.

هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەکەی ئەمڕۆی قەرەهەنجیر، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە، لە شارەدێی قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و تیرۆریستێکی دیکەش بە برینداری دەستگیر کراوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، ئەو دوو تیرۆریستە پێشتر لە ناو کەرکووک لە چەند کردەیەکی تیرۆریستیدا ژمارەیەک پۆلیسیان تیرۆر کردووە.