یاس خەفاجی: ڕووداوەکانی پارێزگای زیقار بۆ ونکردنی هەندێک دۆسیەی پەیوەست بە گەندەڵییەوەیە

پارێزگای زیقار
پارێزگای زیقار

پشێوی و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژانی ڕابردووی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق كاردانەوەی لێ كەوتەوە و بڕیارە ئەنجوومەنی پارێزگاكە سبەینێ دووشەممە دانیشتنێكی نایاسایی ساز بكات و پارێزگاریش دەڵێت: گومان دەكەن ئاگرکەوتنەوەکە و ڕووداوەكانی دیكە بە ئەنقەست بووبن بۆ ونکردنى هەندێک دۆسیە کە پەیوەستن بە دۆسیەى گەندەڵییەوە.

یاس خەفاجی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار رایگەیاند "ئەنجوومەنەكەیان لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە دەکات کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویان داوە، گومان دەكەن ئاگرکەوتنەوەکە و ڕووداوەكانی دیكە بە ئەنقەست بووبن بۆ تێكدانی ئاسایشی پارێزگاكە و ونکردنى هەندێک دۆسیە کە پەیوەستن بە گەندەڵییەوە".

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەنجوومەنی پارێزگاكە سبەینێ دانیشتنێکی نائاسایی دەکات بۆ گفتوگۆ لەسەر سێ دۆسیەی پەیوەست بەم ڕووداوانە.

ھاوكات مورتەزا ئیبراهیمی، پارێزگاری زیقار، دوای ڕووداوەكانی شاری ناسرییە، زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد كە بریتی بوون لە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم کارانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.

ڕۆژانی ڕابردوو ئاگرێک لە یەکێک لە باڵەخانەکانى شارەوانی ناسرییە كەوتەوە، دواتر لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵ كرا. جگە لەمە لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقە لە ماڵی چالاوانێكی شارەكە كرا و ڕۆژێک بەر لەوەش، پەرژینى ئاسنینى شارى یارىی ناسرییە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، ڕوخێنرا.