سبەینێ چوارەمین خولی هەڵبژاردنی گشتیی سووریا بەڕێوە دەچێت

دیمەشقی پایتەختی سووریا ئامادەکارییەکانی پێش هەڵبژاردنی گشتی
دیمەشقی پایتەختی سووریا ئامادەکارییەکانی پێش هەڵبژاردنی گشتی

سبەینێ دووشەممە 15ی تەممووز، هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی سووریا تەنیا لە سنووری ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا بەڕێوە دەچێت.

لە دوای هەڵگیرسانی ئاڵۆزیی و شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا ئەمە چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان)ی سووریایە دەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان نەبووەتە جێی بایەخ و وەک هەڵبژاردنەکانی دیکە بایکۆت کراوە، بەتایبەتی لە ئاستی سیاسییەوە بڕوایان وایە هەڵبژاردنەکان وەک پرۆسەکانی پێشوو نا یاسایین و هیچ گۆڕانێک لە سیستم و دەسەڵاتی سیاسیی ڕژێمەکە ناکرێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، کە بایکۆتی پرۆسەکەیان کردووە و بڕوایانوایە هەڵبژاردنەکە هیچ هەنگاوێکی چارەی سیاسی لەخۆ ناگرێت و تەنیا جەختکردنەوەی لەسەر مانەوەی بەعس لە ترۆپکی دەسەڵاتی دیمەشق.

لەمبارەوە فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێ "ئەو هەڵبژاردنەش جەختکردنەوەی حزبی بەعسە لەسەر درێژەدان بەو ئایدۆلۆجیایەی کە دەسەڵاتی سیاسیی لەسەر بنیات ناوە، نەک هەنگاوێک بێت بۆ چاکسازی و گۆڕان لە سیاسەت و دەسەڵاتی حوکمڕانیدا. هەر بۆیە، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد جەخت لە بایکۆتکردنی پرۆسە دەکاتەوە و داواکارییەکانی بۆ گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی، جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ و گۆڕانی دەسەڵاتی تاكڕەوی بۆ سیستمی دیموکراسی لە سووریا دەکاتەوە، ئەویش بە جێبەجێکردنی  بڕیارنامەی 2257ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

جگە لە پێکهاتەی کورد، ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنە و لەگەڵ ئەنەکەسە لەبارەی هەڵبژاردنی گشتیی سووریا هاوڕان و هەماهەنگە، سەرۆکی ڕێکخراوەکەش دەڵێ" ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە جێی سەرنج و بایەخ پێدان نابێت".

کیبرێل موشێ، سەرۆکی ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری دەڵێ "بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی گشتی، جیا لەوەی دژبەری ئەو دەستوورەیە کە ڕژێمی سووریا لە ساڵی 2011 دەری کردووە، لە هەمان کاتدا ڕژێمی ئەسەد دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە پەیامێک بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بگەیەنێت و شەرعییەتی خۆی لە نێو خەڵکی سووریا بڵاو بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی هاووڵاتییان ئەو هەڵبژاردنانە ڕەت دەکەنەوە، خۆپیشاندانەکانی سوێدا و ناوچەکانی دیکە بەڵگەی ڕاستەقینەی ڕەتکردنەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای دیمەشقە".

Fly Erbil Advertisment