بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای دیوانیە لە کارەکەی دەرکرا

یەکشەممە، 14 تەممووز، ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیوانیە لە پۆستەکەی، ئەمەش لە دەرئەنجامی تێکچوونی کارەبا پارێزگاکە بووە.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی دیوانیە، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە لە دانیشتنی ئەمڕۆ، یەکشەممە 14-7-2024، بە سەرۆکایەتی محەمەد شخیر ئەلغانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان لەسەر دەرکردنی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیوانیە ئەندازیار ڕەواد ماکۆن دا، بڕیارەکەش بەهۆی تێکچوونی کارەبای پارێزگای دیوانیە بووە.
ماوەی دوو ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە پارێزگای دیوانیە لە دژی خراپی دۆخی کارەبا بەردەوامە، لە کاتێکدا ئەم ناڕەزایەتیانە لە دژی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی کارەبا دەکرا، لە جیاتی ئەوەی دژی حکوومەت و وەزارەتی کارەبا بکرێت.
ئەم ڕەوتە ناڕەزایەتییە نوێیە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو باوەڕ و توڕەییەی بەربڵاوی نێو بازنەکانی جەماوەریدا سەبارەت بە بوونی "نایەکسانی لە دابەشکردندا" و دابینکردنی کارەبا بۆ هەرێمێک نەک هەرێمێکی دیکە بەپێی پەیوەندی و لایەنگری.
ناڕەزایەتییەکان بەهۆی دابەشنەکردنی کارەبا بووە بە یەکسانی لە نێوان ناوچەکاندا.