پارێزگای ناسرییە لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەی شارەکە بە گومانە

یەکێک لە شوێنە سووتاوەکانی شاری ناسرییە
یەکێک لە شوێنە سووتاوەکانی شاری ناسرییە

ئاگرکەوتنەوە و ھێرشی سەر چالاكوانان و ڕووخاندنى پەرژینى شارى یارىی ناسرییە، ناڕەزایی ئیدارەی خۆجێیی شارەکەی لێ کەوتەوە.

بەرپرسانی ناوچەكە، گومان دەكەن ئاگرکەوتنەوەکە و ڕووداوەكانی دیكە بە دەستی ئەنقەست بووبن بۆ ونکردنى هەندێک دۆسیە کە پەیوەیستن بە گەندەڵییەوە.

یاس خەفاجی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، ئەنجوومەنەكەیان بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویان داوە.

دەشڵێت، گومان دەكەن ئاگرکەوتنەوەکە و ڕووداوەكانی دیكە بە ئەنقەست بووبن بۆ تێكدانی ئاسایشی پارێزگاكە و ونکردنى هەندێک دۆسیە کە پەیوەستن بە گەندەڵییەوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، ئەنجوومەنی پارێزگاكە سبەی دووشەممە دانیشتنێکی نائاسایی دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سێ دۆسیەی پەیوەست بە ڕووداوەکانی ئەم دوایە.

ھاوكات مورتەزا ئیبراهیمی پارێزگاری زیقار، دوای ڕووداوەكانی شاری ناسرییە، زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد كە بریتی بوون لە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم کارانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان.

دوێنێ ئاگرێک لە یەکێک لە باڵەخانەکانى شارەوانی ناسرییە كەوتنەوە، دواتر لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵ كرا، جگە لەمە لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقە لە ماڵی چالاوانێكی شارەكە كرا و ڕۆژی پێشووتریش پەرژینى ئاسنینى شارى یارى شارەکە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، شکێنرا.