نەبەز عەبدولحەمید: هیچ شوشتنگەیەک مۆڵەتی کردنەوەی پێ نادرێت ئەگەر سیستەمی ڕیسایکلینی ئاوی نەبێت

K24 – هەولێر:
قایمقامییەتی ھەولێر لە ڕێگەی لێژنە تایبەتمەندەکانییەوە چاودێریی شوشتنگەکان دەکات بۆ دانانی سیستەمی ڕیسایکلینی ئاو لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و دووبارە بەکارھێانەوەی. قایمقامی ھەولێریش دەڵێت: ھیچ شوشتنگەیک مۆڵەتی کردنەوەی پێ نادرێت ئەگەر سیستەمەکەی نەبێت.
بەپێی ڕێنماییەکان پێویستە ھەر شوشتنگەیەک کە ھەییە سیستەمی ڕیسایکلینی ئاو دابنێت لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و بەفیڕۆنەچوونی ئاوی زیاتر.
لێژنەکانی قایمقامییەتی هەولێر چاودێری توندی ھەموو شوشتنگەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی شارەوانی لە پاراستنی بەفیڕۆچوونی ئاو، سزای داخستنیان ھەییە بۆ ھەر شوشتنگەیەک کە سیستەمەکەی نەبێت .
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەی ڕابردوو ئاگاداری ھەموو شوشتنگەکان کراوەتەوە سیستەمی ڕیسایکلین دابنرێت و چەند شوێنێکیش داخراوە بەھۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان.
هاوکات گوتی: ھیچ شوشتنگەیک مۆڵەتی کردنەوەی پێ نادرێت ئەگەر سیستەمی ڕیسایکلینی ئاوی نەبێت.