حاکمی پێنسلڤانیا: هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ قبوڵکراو نییە

جۆش شەپیرۆ، حاکمی پێنسلڤانیا
جۆش شەپیرۆ، حاکمی پێنسلڤانیا

K24 – هەولێر:

حاکمی پێنسلڤانیا لەبارەی هێرشکرندە سەر دۆناڵ ترەمپ گوتی: هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ قبوڵکراو نییە و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە چارە ناکرێن.

یەکشەممە (14ـی تەمووزی 2024) جۆش شەپیرۆ، حاکمی پێنسلڤانیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەونایدا ڕایگەیاند: پێویستە سەرکردەکان گوتاری ڕق و کینە تێپەڕێنن و هەرگیز توندوتیژی قبوڵکراو نییە.

حاکمی پێنسلڤانیا، ئاماژەی بەوە دا، هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ قبوڵکراو نییە و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە چارە ناکرێن.

هاوکات دەڵێت: خۆشحاڵ بووم بەوەی جۆ بایدن پەیوەندی بە ترەمپەوە کرد و هیوای سەلامەتی بۆ خواست، ئێستە بە شیوەیەکی جددی کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو لایەک پارێزراو بن.

ناوبراو پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پێنسلڤانیا کرد و گوتی: "بڕواتان بە داکۆکییەکانتان هەبێت، کار لە پرۆسەی سیاسی و شارستانی بکەن. دوێنی تراژیدییایەکی سەخت لێرە ڕوویدا".

شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا  کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە. لە ئەنجامی ڕووداوەکە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی کوژراوە تەقەکەرەکە بووە"