پیتەر گاڵبرێت: توندوتیژی لە ژیانی سیاسیی ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە
K24 – هەولێر:
دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشکردنە سەر ترەمپ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا نابێت. جەختی کردەوە لەوەی توندوتیژی لە ژیانی سیاسیی ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە.
پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: تاوانێکی گەورە دژی کاندیدێکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ئەنجام دراوە، "خۆشحاڵم ترەمپ سەلامەتە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە دەنگ بە ترەمپ دەدەم."
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمەریکا دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بەردەوامە، وا دەرکەوتووە کەسێکی گەنج تفەنگێکی سەربازی هەبووە و هەستاوە ئەو کارەی ئەنجام داوە.
لەبارەی کاریگەری ڕووداوەکە لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، هیچ کارگەرییەکی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردن نابێت، لەبەر ئەوەی دەنگدەران هەموو خۆیان یەکلا کردووەتەوە کە دەنگ بە کێ دەدەن.
جەختی لەوە کردەوە، توندوتیژی لە ژیانی سیاسیی ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە. هەروەها گوتی: کۆمارییەکان پشتیوانیی لەو کەسانە دەکەن کە چەکیان هەیە، ئەم جۆرە چەکانە هەڕەشە لەسەر خەڵکێکی زۆر دروست دەکەن و، هەمیشە هەڕەشەش هەیە لەسەر ئەو سیاسەتمەدارنەی کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.
لەبارەی بایدنەوە، پیتەر گاڵبرێت، ڕوونیکردەوە، پشتیوانی لە جۆو بایدن دەکات و پێی وایە سەرۆکێکی زۆر باشە، هەروەها بایدن باشترین دۆستی کوردەکانە.
شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.
دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی مردووە تەقەکەرەکە بووە".
لای خۆیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی تەمموزی 2024، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد.
دواتر جۆو بایدن هاتە دەنگ و گوتی، "لە ئەمەریکادا جێگەی ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، پێویستە وەک یەک نەتەوە یەک بگرین".
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی دەکاتەوە، بایدن لەگەڵ جۆش شاپیرۆ، پارێزگاری ویلایەتی پێنسیلڤانیا و بۆب داندۆی سەرۆکی شارەوانی باتلەر قسەی کردووە.