حەشارگەی ئەو دوو چەکدارە داعشەی دزەیان کردبووە قەرەهەنجیر وێران کرا

فڕۆکەی F-16 هێزی ئاسمانی عێراق
فڕۆکەی F-16 هێزی ئاسمانی عێراق

هێزی ئاسمانی عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مۆڵگەی ئەو چەکدارانی داعشیان بۆمباران کرد کە دوێنێ یەکشەممە، دوو چەکداریان لە قەرەهەنجیر پەلاماری هێزەکانی ئاسایشیان دابوو.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاویکردووەتەوە، ئەو چەکدارە داعشەی دوێنێ بە برینداری لە لایەن هێزەکانی ئاسایش لە شارەدێی قەرەهەنجیر دەستگیرکرا، دانی ناوە بەوەی کە حەشارگەکەیان لە چیای پەڵکانەیە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی تێدایە، لەسەر بنەمای ئەم دانپێدانانە، فڕۆکەکانی F-16 بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان حەشارگەکەی چەکدارانی داعشیان بۆمباران کرد.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەییەکە هاتووە، حەشارگەکەی چەکدارەکان دەکەوێتە سنووری ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی عێراقی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین و لە نێویدا چەند چەکدارێک هەبوون و بە وردی بۆمباران کراوە و  حەشارگەکە بەسەر چەکدارەکاندا خاپوور کراوە.

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، دوو چەکداری داعشی ماتۆڕسوار، لە شارەدێی قەرەهەنجیری سنووری پارێزگای کەرکووک پەلاماری هێزەکانی ئاسایشیان دا بە هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە. هەروەها یەکێک لە داعشەکان کوژراو و ئەوەی دیکەش بە برینداری دەستگیر کرا.

لەلایەن خۆیەوە ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر ڕایگەیاند: ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، بووەتە هۆی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ شاری کەرکووک و دەوروبەری.

گوتیشی: ئەو دوو لیوا هاوبەشەی پێک هێنراون و تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە کارا بکرێن، ئەمەش بەشێکە لە کێشەی بۆشاییە ئەمنییەکان و دزەکردنی چەکدارانی داعش، ئەو دوو چەکدارەشی دزەیان کردبوو هەموو ئامادەکارییەکان کردبوو بۆ ئەوەی کردەوەی گەورەی تیرۆریستی لە قەرەهەنجیر بکەن کە سەقامگیرترین ناوچەی سنووری پارێزگای کەرکووکە.

Fly Erbil Advertisment