عێراق.. بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەنێت، بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامە و ئەم پرۆسەیە نەوەستاوە.

بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران، کۆمپانیاکانی گەشتکردن و ئاڵوگۆڕی دراوی کردووە بە دوو بەشەوە. کۆمپانیا گەشتیارییەکان بڕیارەکە بە "باش" و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراویش بە "خراپ" دەزانن.

پێشتر، گەشتیاران پێش گەشتکردنیان، دەیانتوانی مامەڵەی وەرگرتنی دۆلار لە کۆمپانیاکان پڕبکەنەوە و دۆلار بە نرخی فەرمی، 132 هەزار دینار لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکان وەربگرن،

سەعد ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتکردن لە بەغدا دەڵێت، "ئەم بڕیارە لە بەرژوەندیی گەشتیارە، چونکە دۆلار تەنها بە گەشتیاری ڕاستەقینە دەدرێت، ئەمەش لە بەرژوەندی ئەوانە نییە کە قاچاخچێتی بە دۆلارەوە دەکەن کە لە ڕێگەی ئالۆگۆڕی دراو لە دەرەوەی بانکەکان دەکرا، بەڵام بەم بڕیارە دۆلار تەنها دەگاتە دەستی گەشتیار".

بڕیارێکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی ئەم مانگەوە دەرگا بە ڕووی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراودا دادەخات و چیتر ناتوانن دۆلار بە گەشتیاران بدەن. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە بە هاوبەشیی بانکی فیدراڵی ئەمەریکی و بانکی ناوەندی دراوە و بۆ ڕێگریکردنە لە بە قاچاخبردنی دۆلار، کە تا ئێستاش دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە قاچاخ دەبردرێت.

ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، "لەو بڕوایەدا نین زیان بە هاووڵاتییان بگەیەنێت، چونکە بانکی ناوەندی، ناوە ناوە کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات بۆ ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی دۆلار، چونکە تا ئێستا بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق ڕانەوەستاوە، بۆیە ئەمە بڕیارێکی گرنگە".

لە کۆی 1200 کۆمپانیا، بانکی ناوەندی چوار کۆمپانیای دیاریکردووە بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە نێو فڕۆکەخانەکان، کە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە، هەر گەشتیارێک بڕی سێ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی پێ دەردرێت.