لە پارێزگای دیوانیە خۆپیشاندان دەستی پێ کردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، خۆپیشاندان لە ناحیەی شافعییە لە پارێزگای دیوانیە دەستی پێ کردەوە، خۆپیشاندانەکانیش دژی خراپی خزمەتگوزارییەکان و پشتگوێخستنی بەردەوامی ئەم پارێزگایەیە، هەروەها ماوەی چەند ڕۆژێکە لە قەزا و ناحیەکانی دیوانیە و نەجەف خۆپیشاندان دژی کەمیی کارەبا بەردەوامە.
لە بەیانی زووەوە خەڵکی ناحیەی شافعییە لە دیوانیە وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە تێکچوونی خزمەتگوزاری و کارەبا و ئاو خۆپیشاندانیان ڕێک خستووە و تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە.
خۆپیشاندەرانی ئەو ناحیەیە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی خەڵکی ناحیەی شامیە لە دیوانیە، درێژکراوەی خۆپیشاندانی ناحیەی حەیدەریەی نەجەف و ناحیەی غامس لە نێوان دیوانیە و نەجەفە کە بەهۆیەوە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گوللـە بریندار بوون.
خەڵکی قەزاکانی دیوانیە و نەجەف حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی دابەشکردنی کارەبا تۆمەتبار دەکەن بە "نادادپەروەری" لە دابەشکردن و پێدانی کارەبا، دەشڵێن، کارەبا بەپێی نزیکی و لایەنگریی لە پارێزگا و قەزاکان دابەش دەکرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی سەباح، ڕاگەیاندنی پارێزگای دیوانیە بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی خۆجێی بەدواداچوون بۆ بڕی کارپێکردنی کارەبا دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، دیوانیە پێویستی بە 850 مێگاوات کارەبا هەیە و کە ئێستا چوار کاتژمێر کارەبا هەیە.

