بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی: تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەم کارێکی تیرۆریستی بوو

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی (وێنە: کوردستان24)
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی (وێنە: کوردستان24)

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دەڵێت، "تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کارێکی تیرۆریستی بوو و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکە بکەن". 

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە بەیانیی ئەمڕۆ، دووشەممە، 15-07-2024، لە بەردەم ماڵەکەی، کارێکی تیرۆریستی بووە و ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە".

ئەکرەم ساڵح لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووداوەکەش، ڕایگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو کردە تیرۆریستییەوە بە سووکیی بریندار بوون و ئۆتۆمبێلەکەیشی بە تەواوی سووتاوە. ڕوونیشی کردەوە، "چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین". 

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی داوا لە دامودەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکە بکەن، "چونکە کە ئێمە لێرەین، بەرپرسیارێتیی ئەم سنوورە لە ئەستۆی ئەوانە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین لە ڕێگەی کامێراکانی خۆمان و هی سنوورەکە، تاوەکو بگەینە سەرەداوێک و تۆمەتبارانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکرێن".

لەبارەی ئەوەی گومانی لە کێ هەیە ئەو کردە تیرۆریستییەی کردبێت؟ ئەکرەم ساڵح گوتی، "هیچ گرفتێکی پێشوەختەمان نەبووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین". ڕوونیشی کردەوە، "کردەکە گەورە بوو و بە خەڵکی ناشارەزا ناکرێت، چونکە بۆمبەکە بە ژێر تایەی نزیک شوێنی دانیشتنەکەمەوە لکێندرابوو".

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی پێی وایە پێش ڕووداوەکە چاودێریی کراوە، "چونکە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەم لەنێو حەوشەی ماڵدا بوو، دواتر شۆفێرەکەم بردبوویە دەرەوە؛ نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو و هیچ شتێک ڕووی نەدابوو، بەڵام کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم و ئۆتۆمبێلەکە جووڵا، تەقییەوە. گومانم هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە و لە دوورەوە تەقێندرابێتەوە".