دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

هێزێکی هاوبەشی ماددە هۆشبەرەکان و هەواڵگریی لە دیوانییە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کرد، کە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ماددەی هۆشبەر و چەکیان پێ بووە.
پۆلیسی دیوانییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ هەوالگری لە دیوانییە، ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و توانییان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن، ئەوانیش داواکراو بوون بە تاوانی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بڕێک ماددەی هۆشبەری جۆری کریستال و دەمانچەیەک و شانەی دەمانچەیان پێ بووە، ئاماژە بەوەش کراوە، ڕێوشوێنی یاساییان لە دژ گیراوەتەبەر.
بە ئامانجی کەمکردنەوەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیی پێوەی، کە لەم دواییانەدا تەشەنەیان کردووە، بەتایبەتی لەنێو توێژی گەنجاندا، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیوانییە، بەسەرۆکایەتیی لیوا نەجاح مەحموود سوڵتان چەند ئۆپەراسیۆنێکیان کرد.