ماوەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژ کرایەوە

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو پێنجشەممە 18ـ07-2024 درێژ کرایەوە.

مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدانی پارت، هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆوەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 18-07-2024 درێژ کردەوە. 

لەبارەی ژمارەی لیستی کاندیداکان کە پێشکەشی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە، بەرپرسی لقەکە گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، 15-07-2024، دوو هاوپەیمانی، 11 پارتی سیاسی و 35 کاندید لیستی ناوەکانیان پێشکێش کردووە".
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە، بەم شێوەیە: سلێمانی 36 کورسی، هەولێر 32 کورسی و دهۆکیش 24 کورسی.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".

بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024،  لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.

Fly Erbil Advertisment