هۆی کەمیی کارەبا لە بەغدا ئاشکرا دەکرێت و هەڕەشە لە وەزیری کارەبا دەکرێت

لە عێراق خۆپیشاندان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی كارەبا بەردەوامە، ھاوكات ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ڕەخنەی تووند لە وەزارەتی كارەبا دەگرێت و بە سندوقە ڕەشەكە وەسفی دەكات. سەرۆكی لیژنەی كارەبا لە ئەنجوومەنەكە دەڵێت، دۆخی كارەبای بەغدا خراپە و ئەگەر وەزیری کارەبا لەمە زیاتر پرسەكە پشتگوێ بخات، هەڵوێستیان دەبێت.
گەرمای پڕووکێنەری هاوین و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دانیشتووانی بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی دیكەی عێراقی ھەراسان كردووە.
لەبەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و بەردەوام پچڕانی تەزووی كارەبا، دانیشتووانی پارێزگاكانی دیوانییە و نەجەف ڕژانە سەر شەقامەكان و رێگە سەرەكییەكانیان داخست و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش دەڵێت، وەزارەتی كارەبا وەڵامی پەیوەندییەکانیان ناداتەوە و داواش لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات بەخێرایی هەڵوێستی هەبێت.
نورا جحێشی، سەرۆكی لیژنەی كارەبا لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، نهێنییەکانی هاوکاری نەکردنی وەزارەتی کارەبای لەگەڵ لیژنەی کارەبای ئەنجوومەنەكەیان ئاشکرا کرد، هەروەها وەزارەتی كارەبا بە سندووقێکی ڕەش وەسف دەكات.
دەشڵێت: دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، چاودێری و یاسادانان و بەدواداچوون بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پەیوەستن بە وزەی کارەباوە، دەکات. بۆیە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانیان چەندین دۆسیەی گەندەڵیان لەنێو كەرتی كارەبادا دۆزیوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرھەمھێنان و دابەشكردنی كارەبای بەغدا ھاوكارییان نین.
جحێشی، گوتیشی: وەزارەتی کارەبا ئەو سندوقە ڕەشەیە کە وەزیری کارەبا کۆنترۆڵی كردووە. سەرۆكی لیژنەكە، ھۆشداریش دەدات، ئەگەر وەزیری کارەبا لەمە زیاتر پرسەكە پشتگوێ بخات، هەڵوێستیان دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، داوای کرد کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە کێشەکان بکرێت، بەڵام وەزارەت داواكەیان پشتگوێ خستووە و وەڵامیان ناداتەوە.
بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار، قەیرانی كارەبا لە عێراق بەردەوامە، یەكێك لەوانە كەمیی سووتەمەنی پێویستە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی ماوەی پچڕانی كارەبا، هەروەها زیادبوونی بەكارهێنانی كارەبای ڕۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمای هاویندا، کە فشار لەسەر تۆڕەكەكانی كارەبا زیاد دەكات.