موحەمەد ئەلحەسسان لەشوێنی پلاسخارت لە عێراق داندرا

موحەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)
موحەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، موحەمەد ئەلحەسسان سەڵتەنەی عومانی وەك نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دامەزراند.

 دووشەممە 15ـی تەممووزی 2024، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکاربوونی موحەمەد ئەلحەسسان بەڕەگەز خەڵکی سەڵتەنەی عومان وەك نوێنەری تایبەتی نوێی خۆی لە عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) ڕاگەیاند کە شوێنی خاتوو جینین هێنیس پلاسخارتی هۆڵەندی دەگرێتەوە.

 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی پابەندبوون و سەرکردایەتیکردنی یونامی کرد لە ماوەی ڕابردوودا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئەلحەسسان ئەزموونێکی فراوانی دیپلۆماسی دەهێنێتە ئەو پۆستە کە زیاتر لە سی ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەیە لە بوارەکانی دیپلۆماسییەتی خۆپارێزی و بنیاتنانی ئاشتی و گەشەپێدان، لەم دواییانەدا وەك نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك (لە ساڵی 2019ەوە) کاری کردووە، پێش ئەوەش ئەرکی جۆراوجۆری لە وەزارەتی دەرەوە لە مەسقەت هەبووە، لەوانەش جێگری وەزیری کاروباری دیپلۆماسی بە وەکالەت (2016)، سەرۆکی دیوان (2015) و بەرپرسی نووسینگەی وەزیر(2012).

 لە پۆستە جیاوازەکانی لە ئاستی باڵادا، ئەلحەسسان وەك باڵیۆزی نائاسایی و دەسەڵاتی ڕەهای سەڵتەنەی عومان لە فیدراسیۆنی ڕووسیا و هاوکات وەك باڵیۆزی نانیشتەجێ لە بیلاڕووس و ئۆکرانیا و ئەرمینیا و مۆڵدۆڤا کاری کردووەو هەروەها پێشتر پۆستی جێگری نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك وەرگرتووەو پێش ئەمەش جێگری نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ.

 ئەلحەسسان خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی واشنتۆن لە سیاتڵ لە ئەمریکا و بڕوانامەی ماستەری لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆرك لە ئەمریکا و بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئابووری لە زانکۆی حکومی مۆسکۆ بۆ ئابووری و ئامار و زانیاری (MESI) لە مۆسکۆ لە ڕووسیا وەرگرتووەو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و نەرویجی و ڕووسی دەزانێت.