بەشار ئەسەد هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان ڕاگەیاند

بەشار ئەسەد - وێنە: AFP
بەشار ئەسەد - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری سووریا ڕایگەیاند، ئەو ئامادەیە بۆ دیداری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەگەر هاتوو ئەو کۆبوونەوەیە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا بێت.

ڕۆژی (15ـی تەمموزی 2024) بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر دیداری ئەردۆغان بگاتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت، ئەوا ئامادەیە ئەنجامی بدات.

ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد: کێشەکە لە دیداری نێوانیان نییە لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵکو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گرنگە و ئەگەر ئامانج لێی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشتر کردنی پەیوەندییەکان و گەڕانەوەی بۆ سرووشتی پێشووی خۆی بێت، ئەوا ئێمە دەپرسین بۆچی ئاراستەی پەیوەندییەکان ماوەی 13 ساڵە لەو ڕێگە سرووشتییەی خۆی لایداوە؟.

بەشار ئەسەد زیاتر گوتی: تاوەکوو ئێستا لە هیچ بەرپرسێکی تورکیمان نەبیستووە باس لەو خاڵە بکات بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە و جەختی کردەوە: ئەرێنین لەبارەی هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە کەس بیر لە دروستکردنی کێشە لەگەڵ دراوسێکانی ناکاتەوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە بەبێ هیچ بنەمایەک بڕۆین.

سەرۆککۆماری سووریا باسی لەوەشکرد: بەدەر لە دیداری نێوان هەردوو سەرۆک، بەشێوەیەکی گشتیی پەیوەندییەکانی نێوانمان لەگەڵ تورکیا بەردەوام بووە و لەسەر ئاستی ئەمنی، دیدار هەبووە لە ڕێگەی هەندێک نێوەندگیرەوە و ئێمەش لەوبارەیەوە ئەرێنی بووین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەشار ئەسەد ڕایگەیاند: ئەگەر هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی پشتیوانی لە تیرۆر و کشانەوە لە خاکی سووریا نەبێت، ئەوا هیچ مانایەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئەسەدی بۆ دیدارێکی تایبەت کرد و سەرپشکی کرد لەوەی دیدارەکەیان لە تورکیا بکرێت یان لە وڵاتی سێیەم. لەگەڵ بانگهێشتنامەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەشی ڕاسپارد کار بۆ ئامادەکارییەکانی دیدارەکە بکات.

هەروەها لە (11ـی تەمموزی 2024)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەردۆغان لە واشنتن سووربوونی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق دووپات کردەوە و گوتی "دەمانەوێت پرۆسەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا دەست پێ بکەین و بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و دۆخە نەرێنییەکاندا زاڵ بین".

شەممە (13ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو: دەبێت هێزە نایاساییەکان لە سووریا بکشێنەوە و بەرژەوەندیی نێوان وڵاتان لەسەر پەیوەندییەکی دروست بنیات دەنرێت نەک لەسەر ململانێ یان دوژمنایەتی.

چەندین جارە ئەردۆغان باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات، بەڵام گرێکوێرەکە بوونی سوپای تورکیایە لە سووریا، ئەسەد وەک پێشمەرج داوا دەکات سووریا بکشێتەوە، لە کاتێکدا تورکیا ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێ بوونی سه‌ربازه‌كانیان له‌ سووریا بۆ رێگریگرتنە لە دروستبوونی وڵاتێک لەسەر دەستی هەسەدە کە ئەو بە تیرۆریستان پێناسەی دەکات.

هاوکات خەڵکی شاری عەزاز و گوندەکانی دەوروبەری کە بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیایە و بەشێکیشی لە ژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانی سوریایە لە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی باکووری حەلەب دوێنێ هەینی دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا خۆپیشاندانیان و ئاڵای ئیئتلافی نیشتمانی سووریایان لە سەر باڵەخانەکان هێنایە خوارەوە و لە شوێنی پەیامی دژە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرزکردەوە.

خۆپیشاندەران چەند داواکارییەکیان هەیە، لەوانە لێکۆڵینەوە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و لێپرسینەوە لە تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پوەیەندییەکانیان ڕەتکردە و داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیان کرد بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان دژی پەنابەران لە تورکیا.

Fly Erbil Advertisment