یەکێتیی ئەورووپا چەند کەسایەتیی و لایەنی ئیسرائیلی سزا دا

یەکێتیی ئەورووپا پێنج کەسایەتیی و سێ لایەنی ئیسرائیلی خستە لیستی سزادراوانی و ڕایگەیاند، "سەپاندنی سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی قودس". لە بەرانبەردا وەزیرێکی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ سزادانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بە بەزاندنی هێڵی سوور ناو دەبات.
لە لیستی لایەنە سزادراوەکان گرووپی تساف 9 ی ئیسرائیلی ناوی هاتووە، کە لە دوای شەڕی غەززە پێکهێنراوە و یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە "ئەو گرووپە بەهۆی بەردەوامبوونی لە ڕێگریی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانی وەک خۆراک و سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە سزا دراوە".
هەروەها هەر یەک لە بین زایۆن گۆپشتاین، سەرۆکی ڕێکخراوی لێهاڤا، لەگەڵ ئیساشار مان، بەرپرسی بنکەی نیشتەجێکردنی جووەکان لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین ناویان لە نێو لیستی سزاداراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا هاتووە.
ئەو بڕیارە لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کاری پێ دەکرێت و ئەو کەسایەتیی و لایەنانەی خراونەتە نێو لیستی سزاداراون، دەست بە سەر هەموو ئەو سەروەت و سامانانەیاندا دادەگیرێت کە لە بانکەکانی ئەورووپا هەیانە، هاوکات گەشتکردنی وڵاتانی ئەورووپاشیان لێ قەدەغە دەکرێت.
سەپاندنی سزاکانی ئەورووپا بەسەر کەسایەتیی و لایەنە ئیسرائیلییەکان تەنیا هەفتەیەک دوای سزاکەی ئەمەریکا دێت کە بە سەر هەرسێ لایەنە ئیسرائیلییەکەدا سەپاندوویەتی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا، بێتسەلئیل سمۆتریش، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و قەبوڵکراو نییە، هەروەها سەپاندنی سزا بە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل بەزاندنی هێڵی سوورە.
هەر لە بارەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل تەنیا لە هەفتەیەکدا پێنج جار قوتابخانەکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانی لەغەززە بۆردوومان کردووە.
ئاماژەشی داوە، ئازاد نەکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و ئەو کارەسات و وێرانکارییەی لە غەززە دەگوزەرێت، پێشبینی نەکراوە و هەموو سنوورەکانی بەزاندووە.
بۆرێل دەڵێ: بۆردوومانکردنی کەمپی ئاوارەکان لە خان یونس قەبوڵ نەکراوە و پێنجەمین جارە لە هەفتەیەکدا بۆمبارانی قوتابخانەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت و ژمارەی قوربانیەکانیش بەردەوام زیاتر دەبن.
ئەم قسانەی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدا کە ڕێکخراوی ئۆنراو لە ڕاگەیەندراوێک ناڕەزایی لە بۆمبارانکردنی قوتابخانەکان ڕاگەیاندووە و بڵاوی کردووەتەوە تاوەکوو ئێستا چەندینجار ناو و شوێنی ئەو قوتابخانە و کەمپانەیان بە حکوومەت و سووپای ئیسرائیل داوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکاندا دەستیان لێ بپارێزێت، بەڵام ڕەچاوی نەکردووە.
هەروەها دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تەلئەڤیڤ خواستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی "هیوادارم لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئاگربەستی شەڕ لە غەززە بکرێت، بۆ ئەم هەنگاوەش هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ، لەگەڵ گرووپی حەوت هەوڵەکانمان چڕکردووتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئاگربەست بکرێت و کۆتایی بە ئازار و مەینەتیی خەڵکی غەززە بهێنرێت".
ڕاشیگەیاند، بەریتانیا بەدوای سەقامگریی و ئاسایشەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئێستا ناوچەکە یەکێکە لە نائارمترین شوێنەکانی جیهان.