بەبڕیاری سەرۆکوەزیران کردنەوەی کۆلێژە پزیشکییەکان لە زانکۆ ئەهلییەکان ڕادەگیرێت

بەبڕیارێک سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕادەسپێرێت بەم نزیکانە کردنەوەی کۆلێژە پزیشکییەکان لە زانکۆ ئەهلییەکان ڕابگرێت، ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی دەرچووان و ناپیشەیی دەرچووانی ئەو زانکۆیانە.

سەرەڕای زۆری ژمارەی دەرچووانیان، شایستە نەبوونیان لە پیادەکردنی پیشەی پزیشکی بە هۆی سەرەکی بڕیارەکە دادەندرێت، دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان لە زانکۆ ئەهلییەکان وێڕای دروستکردنی بارگرانیی لەسەر وەزارەتی تەندروستی، کاریگەرییان لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ حکوومییەکانیش دروست کردووە، جگە لە لێکەوتەی خراپ لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی خوێندنی باڵا بەم نزیکانە کردنەوەی بەش و کۆلێژە پزیشکییەکان لە زانکۆ ئەهلییەکان ڕادەگرێت، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپاردووە بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2024، کار لەسەر دامەزراندنەوەی پزیشکانی دەست لەکار كێشاوە بکات.

هاوکات هەردوو  وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی و سەندیکای پزیشکانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی بکەن لە پێداچوونەوە بە وەرگرتنی قوتابیان لە کۆلێژو بەشە پزیشکییەکان بۆ ساڵانی داهاتوو، هەروەها هەماهەنگی بکەن بە پێدانی مەشق و راهێنان بە دەرچووانی ئەم کۆلێژانە.

لەوبارەوە حەیدەر تەمیمی ئەندامی سەندیکای پزیشکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ژمارەی کۆلێژە پزیشکییەکان لە عێراق لە ژمارەی کۆلێژەکان لەهەمان بواری وڵاتی بەریتانیا زیاترە! ڕاشیدەگەیەنێت، لە دوو ساڵی داهاتوودا ژمارەی پزیشکان 95 هەزار پزیشک تێ دەپەڕێنێت، وەک تەمیمی دەڵێت: بەرپرسیاریەتی ئەم گرفتە لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە کە نەیانتوانیوە پلانێک دابڕێژن کە لە ڕدێگەیەوە قوتابیان پیادەکردنی خەونەکانیان لە زانکۆ حکوومیەکانەوە ببینن.

تەمیمی داوا دەکات بەزووترین کات ئەم بڕیارە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەوپێیەی زۆرینەی زانکۆ ئەهلییەکان گرێدراوی میلیشیاکان و مافیاکانن کە کاریگەری خراپیان لەسەر ڕاسپاردەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروست کردووە.

لای خۆیەوە کیفاح مەحموود، شارەزای سیاسی داوا دەکات کۆلێژە پزیشکییەکان و ئەندازیاری لە زانکۆ ئەهلییەکان دابخرێن و بەپێویستی دەزانێت قوتابیانی ئەم کۆلێژانە دوای سەلماندنی تواناکانیان بگوازرێنەوە  بۆ کۆلێژەکان لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ تەواوکردنی خوێندنەکانیان.

لەدوای ساڵی 2003 ژمارەی زانکۆ ئەهلییەکان لە عێراق بە ڕێژەی 500% زیادی کردووە، کە 66 لەو زانکۆیانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا دانیان پێدانراوە کە  زیاتر لە 570 بەش لە پسپۆڕییەکانی ئەندازیاری و پزیشکی و زانستە مرۆییەکان لەخۆ دەگرن، لەکاتێکدا ژمارەی زانکۆ حکوومییەکان  لەعێراق تەنیا 35 زانکۆیە.