شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین باشووری عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە

دیمەنی خۆڵبارینی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنی خۆڵبارینی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

چەند ساڵێکە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی ئێران دەکەونە بەر ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی لە بیابانەکانی عێراقەوە هەڵدەکەن و ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووتە سەر تەندروستی خەڵک و ژینگە و سروشتی ناوچەکە.

خۆڵبارینی ئەم جارە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانی گرتووەتەوە. هاووڵاتیانی دانیشتووی کرماشان ڕەخنە لە حکوومەتی ئێران دەگرن و بە جیاکاری لە نێوان شارە کوردنشینەکانی و پێکهاتەکانی دیکە دەکات.

حسێن زولفەقاری دانیشتووی کرماشان دەڵێ "بە داخەوە حکوومەت بۆ پارێزگاکانی ئێران هۆشداری و ئامادەکاریی پێشوەختەی هەیە کاتێک شەپۆلی خۆڵبارین هەڵ دەکات، هاووڵاتییان لە چین و توێژە جیاوازەکان لە مەترسی و کاریگەرییەکانی خۆڵبارین ئاگەدار دەکاتەوە، لە هەندێک دۆخدا پشووی فەرمی دامەزراوەکان ڕادەگەیەنێت، بەڵام هەڵوێستی حکوومەت لە نێوان پارێزگاکاندا هاوسەنگ نییە، ئێستا چەند ڕۆژێکە شەپۆلی خۆڵبارین کرماشانی گرتووەتەوە، کەچی حکوومەت هەر بێدەنگە و هیچ ڕیکار و ڕێنماییەکی نەبووە".

لەگەڵ ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی سنووری کرماشانی گرتووەتەوە، دیمەنی شاخەکانی پڕاو و بێستوونی کرماشان تەواو لێڵ بوون و لە ناو شارەوە بە ئاستەم دەبینرێن.

ئەم خۆڵبارینە جیا لەوەی ژیانی هاووڵاتییان بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان، دژوار دەکات و زیانی بۆ تەندروستی هەیە، زیانێکی زۆرینش بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنێ و بووەتە هۆی و لەناوچوونی سەدان هێکتار لە دار بەڕووەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس.

هاووڵاتییەکی دیکە دانیشتووی کرماشان بە ناوی عەبدولحسێن ئەسەدی دەڵێ "چەند ساڵێکە شەپۆلی خۆڵبارین هەڵ دەکات، بەڵام ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو خۆڵبارینەکەی چڕترە و بڕستی لە خەڵک بڕیوە، بەڵام نازانم دەسەڵات و حکوومەت بە نیازن چی بکەن و چییان لە دەستی دێت، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییان نەخۆش و بە ساڵاچوون بەم کەشوهەوا خۆڵاوییە ژیانیان قورسە".

سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانە بیابانەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق و زۆنگاوی عەزیمە لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراقە کە چەند ساڵێکە وشک بووە.

سیاسەتەکانی ئیدارەدانی ئاو و سەرچاوەکانی، تورکیا لە بەنداوسازیی لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فرات و بەنداوسازیی ئێران لەسەر چەند ڕووبارێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خوزستان، بەر لەوەی بڕژێنە باشووری کوردستان و عێراقەوە، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی بە بیابانبوونی باشووری عێراق، ئەمەش وای کردووە لە باشووری عێراقەوە شەپۆلی خۆڵبارین بۆ ناوچەکان و وڵاتانی دەوروبەر بچێت.