بەهۆی پەکەکەوە چەند گوندێکی کریستیاننشین چۆڵیان کردووە
بوونی چەکدارانی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بووەتە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی گوندنشینان بەبێ جیاوازی ناوچە و پێکهاتەی ئایین و نەتەوە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەشێکی زۆر لە گوندە کریستیاننشینەکان، بە هۆی چەکدارانی پەکەکە و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە چۆڵ کراون. بە تایبەت لە دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکە و حەشارگەکانی پەکەکە هێندەی دیکە هاووڵاتییانی گوندنشین ئاوارە و پەرێشان بوون.
گوندی دۆرێ، دانیشتووانەکەی هاووڵاتییانی کریستیانن لە سنووری شارەدێی کانی ماسێ کە بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیاوە بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی چۆڵیان کردووە و چوونەتە گوند و ناوچەکانی دیکەی نزیک پارێزگای دهۆکە. ئەوان، ڕۆژانە بۆ دڵنەوایی و دەردەدڵ لە دەوری یەکتری کۆ دەبنەوە.
زیا ئیشا، هاووڵاتییەکی کریستیانە و دەڵێت "من 34 ساڵە لێرە دەژیم، ناتوانین لە گوندەکەمان دوور بکەینەوە، چونکە ئێستا شەڕی پەکەکە و سەربازانی تورکیا لە گوندەکە نزیک بووەتەوە، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکمان بە هیچ لایەنێکیانەوە نییە، بەڵام بۆ ئێمە بوونەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی و ئاوارە بوون".
هاووڵاتییەکی دیکەی کریستیان دەڵێت "ساڵێک و شەش مانگە گوندەکەمان جێهێشتووە و ناتوانین بۆی بگەڕێینەوە، بەهۆی شەڕو پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا پێنج گوندی نزیک یەک، موڵک و ماڵی خۆمان بە هەموو کەلوپەلەوە بەجێ هێشتووە و نازانین چ وێرانکارییەک بەسەر خانوو و ڕەز و باخەکانماندا هاتووە، ناشتوانین بگەڕێینەوە".
گوندەکانی (گرێ، ملەختا، سەردەشت، هەلاوا و خۆڕێژ) کە کریستیان نشینن لە سنووری شارەدێی کانی ماسێ چۆڵکراون، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە زیاتر لە 250 خێزان گوندەکانیان چۆڵ کردووە.
گوندنشینان بەهۆی دەستبەرداربوونی زەویی و باخەکانیان زیانێکی زۆری ماددیان پێکەوتووە. هەندێک لە گوندەکانی دیکەی سنوورەکە سەرەڕای هەموو ئەو مەترسی و کێشە و گرفتە ئەمنیانەی هەیانە، بەڵام هێشتا دەستبەرداری گوندەکانیان نەبوون و چۆڵیان نەکردووە، لە بارەی شەڕ و پێکدادان و مەترسییەکانەوە، هاووڵاتییەکی کریستیان بە ناوی گۆرگیس ئادەم، دەڵێت "دۆخەکە ئاڵۆزە و زیانێکی زۆر بە هاووڵاتییان گەیشتووە، هەر ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان بێهیوا بن و جارێکی دیکە ڕوو لە شارەکان بکەنەوە، زیانێکی زۆر بەر جوتیار و باخەوانان کەوتووە و ڕەز و باخەکانیان سووتاوە".
بەگوێرەی ئامارەکان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک نزیکەی 300 خێزانی گوندنشین ئاوارەی ناوچە ئارام و سەقامگیرەکانی پارێزگای دهۆک بوون، لە نێویاندا زیاتر لە 180 خێزانی کریستیان هەن.
ترس هەیە بەهۆی درێژە کێشانی شەڕ و فراوانبوونی مەیدانی پێکدادانەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا، جارێکی دیکە بە هەمان شێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالکردنی بادینان لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو، بەشێکی زۆری گوندەکان چۆڵ بکرێن و ژمارەیەکی زۆرتری هاووڵاتییانی لە گوندەکان سنووری ئامێدی، کانی ماسێ ئاوارە ببنەوە.