د. دلۆڤان محەممەد: لە فریاکەوتنی ڕۆژئاوا بەشێکی ڕاوێژکاریی بۆ چارەی منداڵان کراوەتەوە

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، بڕیارمان داوە لە فریاکەوتنی ڕۆژئاوا بەشێکی تایبەت بکرێتەوە بۆ ڕاوێژکاریی منداڵان لەو نەخۆشخانە، ئەویش لە سەرەتای  مانگی تەممووزی ئەمساڵ، کرایەوە .

سێشەممە، 16ـی تەمموزی 2024، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە پلان و کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی تەندروستیی یەکێک بووە لە کار و پلانی حکوومەت؛ لە ماوەی سالانی ڕابردووش بایەخێکی زۆر بە کەرتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی دراوە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەندێک لە کێشەکانی کەرتی تەندروستی چارە بووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ئەگەر باسی شاری هەولێر بکەین چەندان بەرنامە و کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا جێبەجێ کراوە، گرنگترینیان سەنتەری پۆلینکردن لە فریاکەوتنەکان دانراوە. ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕووداویان بەسەردێت دێنە بەشەکانی فریاکەوتن، بە شێوەیەکی زانستییانە پۆلین دەکرێت، هیچ نەخۆشێک ون نابێت و بە خێرایش تیمار و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت".

ئەو بەڕیوەبەرە دەشڵێت: "یەکێک لە پسۆڕییەکان نەخۆشییەکانی منداڵانە، ئێمە دەزانین چارە بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان تەنیا نەخۆشخانەی ڕاپەڕینە بارێکی زۆری لەسەرە، ڕۆژانە زیاتر لە 500 نەخۆش سەردانی ڕاوێژکارییەکان دەکەن. لە ڕاوێژکارییەکانیش ئەوانەی پێویست بن لە فریاکەوتنەکان دەخەوێنرێن" .

دلۆڤان محەممەد ڕاشیگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بەردەوام بووە لە پلانیدا بووە بۆ ئەوەی چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم بابەتە بدزۆیتەوە، دوای خوێندنەوەیەکی زۆر، بڕیاردرا لە فریاکەوتنی ڕۆژئاوا بەشێکی تایبەت بکرێتەوە بۆ ڕاوێژکاریی منداڵان و لە سەرەتای ئەم مانگەوە کرایەوە".

Fly Erbil Advertisment