لە ئەفغانستان دەیان کەس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە گیانیان سپارد

بەرپرسێکی تاڵیبان ڕایگەیاند، بەهۆی باهۆز و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم 35 کەس گیانیان سپارد.
سدیقوڵڵا قوڕەشی، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار، گوتی: بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم 35 کەس گیانیان سپاردووە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بەو هۆیەوە بریندار بوون.
قوڕەشی، ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو مردووان پێنج ئەندامی یەک خێزان هەبوون، کە بەهۆی داڕمانی سەربانی ماڵەکەیان لە ناوچەی 'سورخ ڕوود' گیانیان سپاردووە، هەروەها چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوونە.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار دەشڵێت: لەنێو مردووان و بریندارەکاندا ئافرەت و منداڵ هەن، هەروەها زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکەی لەناوبردووە.
لە بەرامبەردا ئەمینوڵڵا شەریف، بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار ڕایگەیاند، 207 کەسی بریندار لە جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دراوسێیەوە بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە.
ڕاشیگەیاند، دەیان کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە لە نەخۆشخانەکانن بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکان.
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیی پێشتر بڵاوی کردبووەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ئەفغانستان زیاتر لە 300 کەس گیانیان سپاردووە و هەزاران ماڵیش وێران بوونە، کە زۆربەیان لە ویلایەتی بەغلان بوون لە باکووری ئەو وڵاتە.
