کەشتییەکی نەوتهەڵگر تێکشکا و هەموو سەرنشینەکانیشی بزرن

ناوەندی چاودێریی و ئاسایشی دەریایی عومان ڕایگەیاند، لە نزیک کەناراوەکانی دەقم، کەشتیی نەوت هەڵگری پرستێج فاڵکۆن تێکشکاوە و چارەنووسی سەرنشینەکانیشی نادیارە.
ناوەندەکە، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ئاڵای کۆماری یەکگرتوویی قەمەری لەسەر بووە و بە دووری 25 میل لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕەئس مەدرەکەی هەرێمی دەقم، تێکشکاوە و هەڵمەتی گەڕان بەدوای سەرنشینەکانی کەشتییە بەردەوامە، چونکە سەرجەمی ئەندامەکانی کەشتییەکە بزرن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی کەشتییەکە لە 16 کەس پێکهاتوون و 13یان هیندین و 3 کەسەکە دیکەش سریلانکین.
هەروەها هیشتا دیار نییە ئاخۆ بارە نەوتەکەی کەشتییەکە ژڕاوەتە دەریا یان لەلایەن هێزەکانی فریاکەوتنەوە کۆنترۆڵ کراوە.