نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و باڵیۆزی ڕووسیا کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کرد

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازیی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد و کۆمەڵێک پرسی نێوانیان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە کاری وەبەرهێنەرانی ڕووسیا لە کوردستان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی تەمموزی 2024، فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازیی لە ئەلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.

له دیدارەکەی نێوانیاندا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر وڵاتان و گەلانى ناوچەکە تاوتوێ کرد.

هەروەها هەردوولا باسى پەیوەندییە دێرینیەکانى نێوان گەلى کوردستان و ڕووسیایان کرد، بە تایبەتى پاش پەنابردنى بارزانى نەمر بۆ یەکێتی سۆڤییەتى پێشوو و گرێدانى پەیوەندییە بتەوەکانى لە گەڵ سەرکردە سیاسییەکانى ڕووسیا.

نوێنەرەکەی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، باسى لە ڕۆڵى کۆمپانیا ڕووسیەکان کرد، لە جێبەجێ کردنى پڕۆژە جۆراوجۆرەکانى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى ڕۆڵى کۆمپانیاى "ڕوس نەفت" لە پڕۆژە نەوتییەکان، جەختىشی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بە کارى کۆمپانیا ڕووسیەکان لە هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، دەدات.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر لە هەموو بوارەکاندا کردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی" دەربڕى بۆ چارەکردنی کێشە داراییەکانی ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ئەندازیارانی کۆمپانیا ڕووسیەکان کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن.

کۆتراشێڤ، سەرسامی خۆی بۆ ئەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان کە لە هەموو بوارەکاندا بەخۆیەوە بینیوە نیشاندا، گوتی: وڵاتەکەی گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات.

 

Fly Erbil Advertisment