هیوا ئەحمەد: بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، پێویستە ئارامی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک -گەرمیان، دەڵێت: ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئه‌كره‌م ساڵح كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌. گوتیشی: بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، پێویستە ئارامی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان لە کۆنگره‌کی ڕۆژنامەوانیدا لە قەزای کەلار سەبارەت بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەکره‌م ساڵح بەرپرسی لقی 22 پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: هەوڵەکە تیرۆریستییە و داوای لەلایەنە  ئەمینییەکانی ناوچەکە کرد بە زووترین کات ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە ڕابگەیەنن و تاوانبارانیش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.

گووتیشی: بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین و پێویستە ئارامی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.

لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، هیوا ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد: وەک پارتی پێیان باشە کەسێکی کورد بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری بکرێت و هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک ڕابگرێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن کە پارێزگاری داهاتووی کەرکووک کورد بێت.

ڕۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ماڵەکەی، لە شاری کەلار تەقێندرایەوە.

ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە "کارێکی تیرۆریستی" ناوبرد و گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە". ڕاشیگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییەوە" بە سووکیی بریندار بوون و "چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین".

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی پێی وایە پێش ڕووداوەکە چاودێریی کراوە، "چونکە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەم لەنێو حەوشەی ماڵدا بوو، دواتر شۆفێرەکەم بردبوویە دەرەوە؛ نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو و هیچ شتێک ڕووی نەدابوو، بەڵام کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم و ئۆتۆمبێلەکە جووڵا، تەقییەوە. گومانم هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە و لە دوورەوە تەقێندرابێتەوە".

لەبارەی ئەوەی گومانی لە کێ هەیە ئەو کردە تیرۆریستییەی کردبێت؟ ئەکرەم ساڵح گوتی، "هیچ گرفتێکی پێشوەختەمان نەبووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین". ڕوونیشی کردەوە، "کردەکە گەورە بوو و بە خەڵکی ناشارەزا ناکرێت، چونکە بۆمبەکە بە ژێر تایەی نزیک شوێنی دانیشتنەکەمەوە لکێندرابوو".

Fly Erbil Advertisment