عادل موختار: حکوومەت بە ڕێژەی سەدا 95 بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگەی عێراق

عادل موختار، شارەزای بواری ژینگە
عادل موختار، شارەزای بواری ژینگە

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی بواری ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، ژینگەی عێراق ژینگەیەکی زۆر ماندووە، هەروەها لە عێراق ڕێژەی پیسبوونی ئاو زۆرە و حکوومەت بە ڕێژەی 95% بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە.

عادل موختار، شارەزای بواری ژینگە، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: پیسبوونی ژینگە چەند جۆری هەیە؛ پیسبوونی گازی و پیسبوونی ئاوی. عێراق دووەمین دەوڵەتە لە دوای ڕووسیا لە سووتاندنی گازدا، ڕێژەی پیسبوونی ئاوی لە عێراق زۆر بەرز بووەتەوە کە ئەمەش مەترسییەی گەورەیە.

ئەو شارەزاییە بواری ژینگە پێی وایە، حکوومەت بەرپرسە لە هۆکاری 95%ـی پیسبوونی ژینگەی عێراق، چوار وەزارەت هەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی هۆکاری پیسبوونی ژینگەی عێراقن؛ وەزارەتەکانی تەندروستی، پیشەسازی، نەوت و شارەوانی.

باسی لەوە کرد: زۆربەی نەخۆشخانەکان پاشماوەکانی خۆیان فڕیدەدەنە نێو ڕووبارەکان، کە دەبێتە هۆی مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر ژینگە.

عادل موختار، گوتیشی: کاتێک گاز دەسووتێت دەبێتە هۆکاری تووشبوونی مرۆڤ بە کۆمەڵێک نەخۆشی مەترسیدار. لەوانەش؛ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، کۆئەندامی هەناسەدان و گەرچیلە. زۆرینەی ئەو نەخۆشیانە لە پارێزگای بەسرە هەن، چونکە ژینگەی بەسرە زۆر پیسە.

جەختی لەوەش کردەوە، ژینگەی عێراق ژینگەیەکی زۆر ماندووە.

به‌هۆی فڕێدانی پاشماوه‌كانی دانیشتووان و ده‌ردانی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كانی هاوه‌ڵی نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق، زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر ژینگه‌ و هه‌وای پاك لە عێراق کەوتووە.

له‌ ساڵی 2023 عێراق له‌سه‌ر ئاستی فڕێدانی پاشماوه‌كان و پیسبوونی هه‌وا ڕیزبه‌ندی چواره‌می وڵاتانی گرتووە. لێژنه‌ی ژینگه‌ و ته‌ندروستی په‌رله‌مانی عێراقیش ده‌ڵێت: هۆكاری سه‌ره‌كی پیسبوونی خاك و ئاو و هه‌وا بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت و پاشماوه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ ساڵانی 2021 و 2022  ڕێژه‌ی پیسبوونی هه‌وا 49.7 مایكرۆگرام بووه‌، له‌ساڵی 2020 و 2021 یش به‌ ڕێژه‌ی 39.6 مایكرۆگرام له‌ ڕیزبه‌ندی ده‌یه‌مینی وڵاتان پۆلێنكراوه‌.