لە ئەمەریکا هەر هاووڵاتییەك مافی هەیە چەکی هەبێت؛ بایدن خاوەنی دوو چەکە لە جۆری تاپڕ

ئەمەریکا
ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

زیاتر لە 230 ساڵە لە ئەمەریکا هەموو هاووڵاتییەک مافی هەیە چەکی هەبێت،  ژمارەی چەک لە ئەمەریکا لە ژمارەی دانیشتووانی زیاترە.تەنانەت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاش چەکی هەیە، لە زۆرینەی ویلایەتەکان هەڵگرتنی چەک مۆڵەتی ناوێت و هەر کەسێک تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت دەتوانێت لەو جۆرە تفەنگەی هەبێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ بەکار هێندرا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زلهێزترین وڵاتی جیهان تا ئێستەش ناتوانێت ئاسایشی ناوخۆ و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هاووڵاتیانی کۆنتڕۆڵ بکات و ساڵانە دەیان هەزار کەس بەهۆیەوە گیان لە دەستدەدەن، هاوکات هەڵگرتنی چەک لە ئەمەریکا کارێکی یاساییە.

لە سەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمەریکاوە خاوەندارییەتی چەک لەو وڵاتە یاساییە، دووەم هەموارکردنەوەی دەستووری ئەمەریکا مافی هاووڵاتییان لە خاوەندارییەتی و هەڵگرتنی چەک دەپارێزێت، ئەو هەموارکردنەوەیە لە ساڵی 1791 پەسند کرا.

بەپێی یاسای کۆنتڕۆڵکردنی چەک کە لە ساڵی 1968 دەرکرا، هەر کەسێک تەمەنی بگات بە 18 ساڵ، دەتوانێت چەکی لەجۆری تاپڕ یان تفەنگ و هەروەها گولە بکڕێت، هەر کەسێکیش تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت دەتوانێت دەمانچە یان جۆرەکانی دیکەی چەک بکڕێت.

لە کۆی 50 ویلایەت لە ئەمەریکا، هاووڵاتییان لە 29 ویلایەت پێویستیان بە مۆڵەتی چەک هەڵگرتن نییە و تەنیا پێویستیان بە مۆڵەتی شۆفێری یان ناسنامەیەک هەیە.

جگە لەم ئاسانکارییانە تەنانەت نرخی چەکیش لە ئەمەریکا هەرزانە، چەکێکی ئاسایی لەو وڵاتە نرخەکەی لەنێوان 400 بۆ 900 دۆلارە.

زۆرترین ژمارەی چەک لە جیهان لە ئەمەریکایە، هاووڵاتییانی ئەمەریکا نزیکەی 393 ملیۆن و 300 هەزار پارچە چەکی ئاساییان هەیە، هەروەها زیاتر لە چوار ملیۆن و 535 هەزار پارچە چەکی سەربازییان هەیە، واتا بۆ هەر 100 کەسێک 120 پارچە چەک لەو وڵاتەدا هەیە، هەروەها چەکی ئۆتۆماتیک لە ئەمەریکا یاساییە و زیاتر لە 741 هەزار پارچە چەک لەو جۆرە تۆمارکراوە.

 تفەنگی ئەی ئاڕ 15، یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی چەک لە ئەمەریکا و نزیکەی 44 ملیۆن پارچە چەک لە شێوازی ئەو تفەنگە لەو وڵاتەدا هەیە، هەروەها ئەو چەکە نیمچە ئۆتۆماتیکیە چەند رۆژێک لەمەوبەر هێرشبەرەکە بەکاری هێنا تا دۆناڵد ترەمپ تیرۆر بکات، تەنانەت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە گوتەی خۆی خاوەنی دوو چەکە لە جۆری تاپڕ.

بەپێی ئەی بی سی نیوز، ئەمەریکا کەمتر لە 5%ـی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێک دەهێنێت، بەڵام خاوەنی لە 40%ـی ژمارەی چەکە ئاساییەکانە لە جیهان.