دادگای داقووق لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان سێ گەنجی کوردی زیندانی کردووە

وێنەی ئەو سێ گەنجە کوردەی دەستگیر کراون
وێنەی ئەو سێ گەنجە کوردەی دەستگیر کراون

K24 - هەولێر:

عەرەبە ھاوردەكان لە سنووری داقووق ھێرشدەكەنە سەر جووتیارانی كورد و داوای چۆڵكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لێدەكەن، بە گوتەی یەكێك لە جووتیارەكانی ناوچەکەش، عەرەبە ھاوردەكان دوای ئەوەی پەلاماری سێ گەنجی داقووق دەدەن دواتر سكاڵاشیان لەسەر تۆمار دەكەن.

چەند ڕۆژێکە سێ جووتیاری کورد لەگوندی مەنسووری سنووری حەفتەغار لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکراون و دادگای داقووق بە ماددەی 430 تاوەکوو کاتی دادگاییکردنیان بۆماوەی 10 ڕۆژ بڕیاری زیندانیکردنی بۆیان دەرکردووە.

عومەر محەممەد، جووتیارێکی گوندەکەیە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەمە پیلانگێڕییە دژی جووتیارانی کورد، عەرەبە هاوردەکان ئێوارەیەکی درەنگ بوو بۆ لەوەڕ هێنایە ناو زەوی ئێمە لە کاتێکدا لەو کاتە درەنگەدا، ئێمەش مەڕوماڵاتمان دەگەڕێنینەوە نەک بۆ لەوەڕ بیانبەینە دەرەوە.

هاوکات محەممەد ئیبراهیم، ئەنجوومەنی گوندی مەنسوور ئاماژەی بەوەکرد: هەموو پۆستە ئیدارییەکانی ناوچەکە بەدەست عەرەبەوەیە بۆیە چاوەڕێ دەکەن، دۆخی کورد لە ناوچەکە خراپتریش بێت.

خالید و سامان کە برای یەکترن لەگەڵ ئامۆزایەکیان بەناوی محەممەد، لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە هێرش دەکرێتەسەریان، لەبری دەستگیرکردنی هێرشکاران، سوپای عێراق ئەوانی دەسگیر کردووە و سوکایەتییان پێدەکەن.

نەجات هیدایەت، باوکی یەکێک لە گەنجە دەستگیرکراوەکان گوتی: کوڕەکانی ئێمە هیچیان نەکردبوو دەستگیرکران، لە کاتێکدا پرسیاری ئەوەش دەکەین بۆچی عەرەبەکانیش دەستگیر ناکەن.

عەرەبە هاوردەکان لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو هێنراون بۆسنووری داقووق ، دوای شانزەی ئۆکتۆبەر گەڕانەتەوە و حەوت هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کوردیان لەهەرسێ گوندی مەنسوور ، فەریق و یەنگیجەی سنووری داقووق کە موڵکی جوتیارانی کوردن داگیریانکردووە.

عەرەبی هاوردە بە دەیان شيواز و ڕێگەی جیاواز پیلانگێڕی بۆ داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لەم سنوورە بە پشتیوانی سوپای عێراق جێبەجێ دەکەن، ئامانجەکەش ئەوەیە لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت فشار بخەنەسەر جووتیارانی کورد بۆ چۆڵکردنی گوندەکەیان.

Fly Erbil Advertisment