ڕەعد سلێمان: سوننەکانی عێراق زیاتر لە 15 ساڵە فەرامۆش کراون

سەلام زوبەیدی: داواکردنی هەرێمی سوننی ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە

ڕەعد سلێمان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی و سەلام زوبەیدی
ڕەعد سلێمان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی و سەلام زوبەیدی

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی ڕایگەیاند: 99%ـی سوننەکانی عێراق داوای هەرێمێکی سەربەخۆ دەکەن هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، لەبەری ئەوەی ناوچە سوننەنشینەکان فەرامۆش کراون. لە بەرامبەردا گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر گوتی: داواکردنی هەرێمی سوننی ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە و ئێستە کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەو کارە.

ڕەعد سلێمان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی و سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کرد کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد. بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پرسی ڕاگەیاندنی هەرێمی سوننی لە عێراقدا هەبوو، بەڵام هەردوولایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "دروستکردنی هەرێمەکان مافێکی دەستوورییە".

سەرەتا ڕەعد سلێمان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی، ڕایگەیاند: زیاتر لە 15 ساڵە سوننەکان لە عێراق فەرامۆش کراون، سوننەکان نیمچەدابڕاون لە جیهان و کەس دەنگیان نابیستێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، هاووڵاتیی سوونی بە هیچ شێوەیەک هەست بە ئارامی ناکات لە عێراق، بۆیە سوننەکان داوای هەرێمی خۆیان دەکەن. هۆکاری زۆریش هەیە کە وادەکات سوننە ئەو داواکاریەیان هەبێت، لەوانە؛ کەمی خزمەتگوزاری، پەراوێزخستنی گەنجەکان، هەروەها بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئەو سونانەی کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

جەختی لەوە کردەوە، ناوچە سوننەنشینەکان کەوتوونەتە دەست گرووپە میلیشیاکان و ئەوانیش بوونەتە مەترسی بۆ سوننەکان. سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی عه‌ره‌بی گوتیشی: "لە 99%ـی سوننە هەرێمیان دەوێت کەواتە ئەوان لە قەیرانێک دان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی  و ناڕەزایەتییەکانمان گەیاندووەتە نەتەوەیەکگرتووەکان".

ڕەعد سلێمان، لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت وەک هەرێمی کوردستان بین، بەڕای من هەرێمی کوردستان دەوڵەتە و بارودۆخی زۆر باشە، هەروەها لە ڕووی مەزهەبیشەوە لە ئێمە نزیکن بۆیە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە زۆر لەگەڵ یەکدی یەکانگیرین."

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی زۆر سەرسامە و دەبینێن کە چ ئەزموونێکیان هەیە.

لای خۆیەوە سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، گوتی: دروستکردنی هەرێمەکان مافێکی دەستوورییە و لە دەستووردا چەسپاوە، لە ساڵی 2005ـەوە دەنگی لەسەر دراوە و پەسەند کراوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، باسی لەوە کرد، ئێستە داواکاری بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی سوننی ڕەهەندێکی سیاسی هەیە و هەروەها دەستوەردانی هەرێمایەتیش بۆ ئەم پرسە هەیە کە دەیەوێت پارێزگای ئەنبار بکاتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێیە سیاسییەکان.

هاوکات گوتیشی: ئەمڕۆ دۆخەکە لەبارە بۆ ئەوەی زەمینەسازییەک هەبێت بۆ هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ داواکردنی بە هەرێمبوون، باشترین نموونەی بە هەرێمبوون هەرێمی کوردستانە.

جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووە.