لاری کانینگهام: هه‌وڵی تیرۆركردنی تره‌مپ شكستی ده‌زگە ئه‌منییه‌كان بوو

لاری کانینگهام، بریکاری پێشووی دەزگەی نهێنی ئەمه‌ریکا
لاری کانینگهام، بریکاری پێشووی دەزگەی نهێنی ئەمه‌ریکا

K24 - هەولێر:

بریکاری پێشووی دەزگەی نهێنی ئەمه‌ریکا دەڵێت: ڕووداوه‌كه‌ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی بووه. گەورەترین نیگەرانی ئێمە ئەوەیە لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و ئەو هەموو ڕاهێنانە چۆن دەبێت ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووبدات.

لاری کانینگهام، بریکاری پێشووی دەزگای نهێنی ئەمه‌ریکا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: کەس نازانێت دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان چی دەبێت لەسەر ڕووداوی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ. هه‌وڵی تیرۆركردنی تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بوو.

بریکاری پێشووی دەزگەی نهێنی ئەمه‌ریکا، باسی لەوە کرد، ڕووداوه‌كه‌ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منییەوە بووه، گەورەترین نیگەرانی ئێمە لەبارەی چەندین شتە یەکەمیان؛ لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و ئەو هەموو ڕاهێنانە چۆن دەبێت ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووبدات.

ناوبراو گوتیشی: "هه‌وڵی تیرۆركردنی تره‌مپ شكستی ده‌زگە ئه‌منییه‌كانی ئەمەریکا بوو، لە تەمەنی کارکردنم لە دەزگا نهێنییەکان شکستێکی لەو شێوەیەم نەبینیوە، جێگەی نیگەرانییە هیچ درۆن و یەکەیەکی هێلی کۆپتەر نەبوونە بۆ پاراستنی دۆناڵد ترەمپ."

شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا  کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کرد و سەرچاوە ئەمنییەکانیش گوتیان:"لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی مردووە تەقەکەرەکە بووە".

ڕۆژی یەکشەممە، 14ـی تەمموزی 2024، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد.

دواتر جۆو بایدن هاتە دەنگ و گوتی: "لە ئەمەریکادا جێگەی ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، پێویستە وەک یەک نەتەوە یەک بگرین".