وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا: ڕۆژئاوا نایەوێت ئۆکرانیا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات

ئەلێکسی پۆلیشوک، بەڕێوبەری بەشی دووەمی وڵاتانی CIS لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا ڕێککەوتنی بەناو گەرەنتی ئەمنی لەگەڵ ئۆکرانیا کردووە بۆ ئەوەی کیێڤ نەچێتە ناو ناتۆ.

پۆلیشوک سەبارەت بە ئامانجی مۆرکردنی بەڵگە نامەکان دەڵێت: "بۆچوونێک هەیە کە بەناو ڕێککەوتننامەکانی گەرەنتی ئاسایش بەدیلێکن بۆ ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ، ئەوانە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا داهێنراون بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لە قبوڵکردنی کیێڤ بۆ ناو هاوپەیمانییەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر 20 ڕێککەوتنی لەم جۆرە ئیمزا کراوە، هەموویان سروشتی ڕاگەیاندنن و ئەم جۆرە بەڵگەنامانە ناتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕەوتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی پێشووی ناتۆ لە وتارێکدا، لە میانی لوتکەی ئەم دواییەی ناتۆدا ڕایگەیاند،  هیچ کۆدەنگییەک لە هاوپەیمانییەکەدا نییە، بۆ قبوڵکردنی ئۆکرانیا بۆ ڕیزەکانی ناتۆ.

ڕوونیشیکردەوە، ئێستە باس لە نزیککردنەوەی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی و نەچوونە ناو هاوپەیمانیەکە دەکرێت.

لوتکەی ناتۆ لە ماوەی نێوان 9 بۆ 11ـی تەمموزدا لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەکەدا باس لە "ڕێگایەکی نەگەڕاوە" بۆ ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا کرا، بەڵام هاوپەیمانییەکە هیچ وادەیەکی بۆ بەشداریکردنی ئەو وڵاتە لە ناتۆدا دیاری نەکرد.

لای خۆیەوە پێشتر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا لە لێدوانەکانی پێشوودا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا و دەرفەتی کیێڤ بۆ پەیوەستبوون بەو هاوپەیمانییە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا.