دۆناڵد ترامپ: ڕێژەی باج کەمدەکەمەوە، تیکتۆکیش قەدەغە ناکەم

دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، هەوڵنادات جیرۆم پاول سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمەریکا) لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، پێش ئەوەی خولی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی پێبێت.

دۆناڵد ترامپ بە بلومبێرگی گوت: بیر لەوە دەکاتەوە جەیمی دیمۆن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جی پی مۆرگان وەک وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەستنیشان بکات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی 5ـی تشرینی دووەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ماوەی پۆستەکەی جیرۆم پاول تا مانگی یەکی ساڵی 2028ـە.

ترامپ ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە بانکی فیدراڵی خۆی لە دابەزاندنی ڕێژەی سوود بەدوور بگرێت پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، کە تیایدا کاندیدی کۆمارییەکان ڕووبەڕووی جۆو بایدن سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

ترامپ باسی لەوەش کرد، ڕێژەی باجی کۆمپانیاکان کەمدەکاتەوە بۆ 15%، هەروەها چیتر پلانی قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆکیشی نییە.

ترامپ جگە لەوەی چینی کردە ئامانج بە باجی نوێ کە لە سەدا 60 بۆ 100 سەدە، گوتی باجی هەمەلایەنەی لەسەدا 10 لەسەر هاوردەکردن لە وڵاتانی دیکەوە دەسەپێنێت، ئەمەش بەهۆی گلەیی گازندەوە بوو کە وڵاتانی بیانی بەشی پێویست کاڵای ئەمەریکی ناکڕن.

Fly Erbil Advertisment