پارێزگاری هەولێر: لەمڕۆوە سواڵکەر و فاڵگرەوەکان دەستگیر دەکرێن

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەمڕۆوە سواڵکەر و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پێشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کار دەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن؛ دەستگیر دەکرێن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و ڕێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 2024.07.17، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ئافرەتانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و ڕێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.