لە ئەنجامی بۆمبارانی سوپای ئیسرائیل، سێ منداڵی کورد لە باشووری لوبنان گیانیان سپارد

K24 – هەولێر:
چالاکوانێکی کورد بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئەنجامی بۆمبارانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، سێ منداڵی کوردی خەڵکی عەفرین گیانیان سپاردووە.
مستەفا شێخۆ، چالاکوانی کورد، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 16ـی تەمموزی 2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی کێڵگەیەکی نزیک گوندی ئوم ئەلتوت لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا سێ منداڵی کورد بە ناوەکانی جان شاهین چەرکەس، محەممەد شاهین چەرکەس و خەلیل محەمەد خەلیل گیانیان سپاردووە".
شێخۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "خانەوادەی ئەو منداڵانە خەڵکی گوندی ساریای سەر بە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانن و لە زەوییەکی باشووری لوبنان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵیین و ئەو منداڵانە لە نزیک خێوەتەکانیان بوون، کاتێک پارچە مووشەکەکان بەریان کەوتووە".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو چالاکوانە کوردە، تەرمی سێ منداڵە کوردەکە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیتالیا لە شاری سوور لە باشووری لوبنان و ئەمڕۆش لە گوندی قاسمییە لە لوبنان بەخاک سپێردراون.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 16ـی تەمموزی 2024، ئیسرائیل بۆمبارانی ماتۆڕسکیلێکی لەسەر ڕێگای کەفیر تبنیت - خەردەل و کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە گوندی ئوم ئەلتوت لە باشووری لوبنان کردووە، لە ئەنجامدا پێنج هاووڵاتی خەڵکی سووریا گیانیان سپاردووە کە سێیان منداڵن.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوای ئاراستەکردنی 40 مووشەک لەلایەن حزبوڵڵاوە، ئاراستەی شوێنی هاویشتنی مووشەکەکانیان دیاری کردووە کە لە نزیک گوندی ئوم ئەلتوت بووە، دوای ئەوەش بۆردومانیان کردووە.
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە لەسەر سنوور هێرش دەکەنە سەر یەکتر. بەپێی ئامارەکان لە لوبنان 511 کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حزبوڵڵان و 104 کەسیشیان خەڵکی مەدەنی. ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە 17 سەرباز و 13 هاووڵاتی مەدەنی بە دەستی ئەوان کوژراون.
