ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەیان کەس بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر:
دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەیان کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان، کە ژمارەیەکیان بازرگانی ناوخۆیی و بیانی و نێودەوڵەتین و دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر دەکەن و دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگرن.
17ـی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، لە 24ـی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکوو 12ـی تەمموزی 2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە، توانرا دەیان کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان کە ژمارەیەکیان بازرگانی ناوخۆیی و بیانی و نێودەوڵەتین و دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر بکرێن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: هاوکات توانراوە دەست بەسەر برێکی زۆری ماددەی هۆشبەردا بگرن کە پێکهاتوون لە کریستاڵ، کریستاڵی شل، حەشیش، تلیاک، هیرۆین و ماریجوانا. هەروەها دەستگیرا بەسەر چەندین کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کاپتاگۆن و هەزاران شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە: هەموو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: لە هەشت مانگ و نیوی ڕابردوودا دەستیان بەسەر 952 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
ئاماری ماددە دەستبەسەرگیراوەکان
هیرۆین: 5 کیلۆگرام
حەشیش: 89 کیلۆگرام
ماریجوانا: 3 کیلۆگرام
تلیاک: 28 کیلۆگرام
کریستاڵ: 205 کیلۆگرام
کریستاڵی شل: 51 کیلۆگرام
حەبی کاپتاگۆن: 365 کیلۆگرام
حەبی کاپتاگۆن تێکەڵکراو لەگەڵ فوم: 206 کیلۆگرام
حەبی ترامادۆڵ: 28944 شیت