وەزیری دارایی: دەرگامان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوون هەمیشە کراوە بووە

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەردەوام دەرگایان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچەو داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە کراوە بووە.
چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی، لەو دیدارەدا، گفتوگۆ دەربارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی لە وەزارەت و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا کراوە، هاوکات وەزیری دارایی پشتیوانیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانی بۆ کاری تیمە هاوبەشەکان دوپات کردووەتەوە و ڕایگەیاند: دەرگامان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچەو داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوا، کراوە بووە.
لە بەرامبەردا، شاندی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکانی وەزارەتیان کرد لەپای ئەو هاوکاریی و هەماهەنگیانەی بۆ سەرخستنی کارەکانیان کردوویانە.