ڕێبوار هادی: پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە ئەرکەکانی وەک پێویست جێبەجێ بکات

K24 – هەولێر:
سهرۆكی لێژنهی یاسایی لە پهرلهمانی عێراق دەڵێت: پەرلەمانی عێراق کێشەی ناوخۆیی هەیە، ئەم دۆخەش لە نەبوونی سەرۆک و کێشەی نێوان کوتلەکانی نێو پەرلەمان دروست بووە.
ڕێبوار هادی، سهرۆكی لێژنهی یاسایی لە پهرلهمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەو خزمەتگوزارییەی کە پێشکەش بە خەڵکی عێراق دەکرێت لە ئاست خواستی خۆیاندا نەبووە، خەڵکەکە پێیان وایە بەرنامەی حکوومەت بە تایبەت لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
سهرۆكی لێژنهی یاسایی لە پهرلهمانی عێراق، باسی لەوە کرد: پەرلەمانی عێراق کێشەی ناوخۆیی هەیە، ئەمەش لە نەبوونی سەرۆک و کێشەی نێوان لایەنە ساسییەکان دروست بووە.
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، ناوبراو دەڵێت: کێشە لەنێو خودی سوونەکاندا هەیە، دەبێت سەرەتا لەنێو خۆیان ڕێک بکەون بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستەکە، بەڵام تا ئیستە هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەوە نییە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە ئەرکەکانی وەک پێویست جێبەجێ بکات، بەڵام سەرباری کەموکوڕییەکان، پەرلەمان توانیویەتی چەندین وەزیر و بەرپرس بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت بکات.