کارزان هادی: لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە ڕێپێدانی دابەش دوو دەست پێ دەکات

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، ئەو هاووڵاتییانەی خاوەن زەویین لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو.
چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەبارەی بڕیاری ڕێپێدانی دابەشی دوو بۆ دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی کێشەی هاووڵاتییان چارە بکرێت، بەتایبەت کێشەی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک کە کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکە هەبوون، زۆرێک لەو کێشانە لە کابینەی نۆیەمدا چارەکراون. خودی سەرۆکی حکوومەت سەردانی گەڕەکەکەی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە گیروگرفتەکانی هاووڵاتییان بگرێ و چارەیان بکات، بۆیە ڕێنمایی تایبەت دەرچوو بۆ ڕێپێدانی خانووی نیشتەجێبوون بەشێوەی دابەش دوو".
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بکەن بۆ ئەوەی داوای ڕێپێدان بەشێوەی پشک بکەن، گوتی: پێشتر لێژنەیەک پێکهات بۆ ئەوەی دیراسەی ئەو شوێنانە بکەن کە داوای دابەش دوویان کرد، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاڕەکە جێبەجێ کرا.
لەبارەی پێویستییەکانیش کە هاووڵاتیی بۆ وەرگرتنی ڕێپێدان، دەبێت لەگەڵ خۆی بیباتە شارەوانیی چوار ئەوەیە، وێنەی تۆمار و چەسپاندنی سنووری زەویەکەیان لا بێت، هاوکات سەنەدەکەیان ماوەی سێ مانگ کەمتری بەسەر چووبێ، فۆرمی داواکاریش لە شارەوانیی چوار وەرگرن بۆ داوای ڕێگە
پێدان، دەشڵێت:بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی، زەوییەکان تەنها دابەشی دوو دەکرێت نەوەک بۆ سێ بەش.
سەرۆکی شارەوانی گوتی: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بودجەی تایبەتی بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک تەرخان کراوە و زەوییە نایابەکان دەفرۆشرێن و بە پارەکەی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو گەڕەکە جێبەجێ دەکرێت.
دوای ڕەزامەندی و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، بڕیاری دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی 8 ی حەسارۆکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە: "لەپێناو خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و بنیاتنانی ئاوەدانیی زیاتر و بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییانی کەمدەرامەت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر و لە دانیشتنی ژمارە 23 ـی ئەنجومەن، بە بڕیاری ژمارە 182 لە ڕێکەوتی 15 ی 7ی 2024، ڕێپێدانی دابەش دوو لە سەر زەوییەکانی کەرتی 8 ی حەسارۆکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
جێی باسە خاوەنزەوییەکانی کەرتی 8
ی حەسارۆکی شاری هەولێر، خواستێکی زۆریان بۆ ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بەسەر دوو بەشی زەوییەکانیاندا هەبوو؛ ئەم خواستەش بە ڕەچاوکردنی مەرجە ئەندازەیی و شارسازییەکان، لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە بڕیاری لێ درا.