بایدن تووشی کۆرۆنا بوو

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(وێنە:  Kent Nishimura / AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(وێنە: Kent Nishimura / AFP)

سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە تووشی کۆرۆنا بووەوە و کۆشکی سپیش دەڵێت، خۆی کەرەنتینە کردووە و لە ماڵەوە کارەکانی ڕایی دەکات.

کۆشكی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای کردنی پشکنینی تەندروستی بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ دەرکەوت بایدن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەندێک نیشانەی سووکی ڤایرۆسەکە لێی دەرکەوتوون و ڤاکسینی کۆڤید-19ـی وەرگرتووە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی "دیلاوێر" تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی چاک دەبێتەوە، خۆی کەرەنتینە دەکات و تەواوی ئەرکەکانی وەکوو سەرۆک ڕایی دەکات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بایدن گوتارەکەی لە کۆنفرانسێکی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیار وابوو لە ویلایەتی نیڤادا و بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس بەڕێوە بچێت؛ هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەمە سێیەم جارە بایدن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت؛ جاری یەکەمیان 21ـی ئەیلوولی 2022 و جاری دووەمیشیان 30ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ بوو.

مەرجی کشانەوەی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

پێش ئەوەی تووشبوونی سەرۆکی ئەمەریکا بە کۆرۆنا ڕابگەیەندرێت؛ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، بایدن ڕایگەیاند، ئەگەر بێت و پشکنینە پزیشکییەکان دەریبخن کێشەکەیەک لە تەندروستی هەیە، ئەوا لە خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەکشێتەوە.

بایدن ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر کەسێک یان پزیشکەکان پێم بڵێن تۆ کێشەیەکت هەیە، ئەو کات هەڵسەنگاندن بۆ پرسی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات.

دوای دیبەتی ترەمپ بایدن ڕەخنەباران کرا

لەدوای دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ڕەخنەی توند لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا گیرا، بەوەی لە ڕووی تەندرووستی جەستەیی و دەروونی لاواز دەرکەوتووە.

فشارێکی زۆریش لەلایەن دیموکراتەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکشێتەوە و کاندیدێکی دیموکراتەکان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت؛ دیارترین ناویش، کامالا هارێسی جێگریتی.

Fly Erbil Advertisment