چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هەڕەشەی دانانی سەرۆکێکی نوێی پەرلەمان، لە سوننەکان دەکات

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه ڕایده‌گه‌یه‌نێت "له ئەگەری ڕێك نه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ دانانی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، ده‌توانین به‌زۆرینه‌ی دەنگی په‌رله‌مانتاران سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین".
عه‌لی به‌لداوی، په‌رله‌مانتاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعە، له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانەوە ڕایگەیاند "ئه‌و واده‌یه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ هێزه سیاسییه سوننیه‌كان دیاری كردبوو، خه‌ریكه كۆتایی دێت".
بەلداوی، ده‌شڵێت "نزیكه‌ی حه‌وت مانگه په‌رله‌مان بێسه‌رۆكه، بۆیه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌توانێت به‌زۆرینه‌ی دەنگی پەرلەمانتاران كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلایی بكاته‌وه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ڕێككه‌وتنی كۆتایی نێوماڵی سوننه‌كان ده‌كات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "به هێزه سیاسییه سوننیه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه، كاندیدیك بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دیاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، له حاڵه‌تی ڕێك نه‌كه‌وتنیشیان، ئه‌وكات دانیشتنێكی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و ئه‌م پرسه یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه".
ڕۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری دا کۆتایی بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق بهێنێت، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی پێکهاتەی سوننەکانە، لە لایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.
تاوەکوو ئێستە چەندان جار سوننەکان کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دیاری کردووە، بەڵام لەناوخۆیاندا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کە بەوهۆیەوە کێشە و ناکۆکی لە ناو پێکهاتەکانی سوننە بەردەوامە و تائێستەش ئەو پۆستە لەلایەن جێگری پەرلەمان موحسین مەندەلاوی بەڕێوە دەبرێت و نەیانتوانییوە سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن.